لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد

10.06.2020
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە10ی خوزه‌یران مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمـی کوردستان کرا.
سەرەتا وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتی خۆی خستەڕوو، دواتر وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی وردی لە بارەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی خستەڕوو، سەرەڕای خستنەڕووی چەند داواکاری و پێشنیارێک.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی، لیـژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم بڕیارانەی دا: 
یەکەم: بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و کەرەنتینەکردن و چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووان و بەرکەوتووان و گەشتیاران و چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە. 
دووەم: سەپاندنی بەزۆر بۆ بەستنی دەمامک لە هەموو دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان و دابینکردنی بۆ هەر هاووڵاتییەک کە سەردانی فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکان دەکات و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 
سێیەم: خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم. 
چوارەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەمامک و هۆکارەکانی دیکەی خۆپارێزی دەکەن تاوەکو بە ئاسانی و بە کواڵێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان. 
پێنجەم: ڕێگەپێدان بە وەزارەتی تەندروستی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاقیگەیی و دانانی میکانیزمی نوێ و پێویست بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش لە دوای دڵنیابوونی وەزارەت لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان و کواڵێتی لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزارەت و تاقیگە گشتییە تایبەتمەندەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبن لە ڕێکاری تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەردەوامی وەزارەت بۆ گەڕان بە شوێن تووشبووان و  بەرکەوتووەکان و ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێ. 
شەشەم: ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
حەوتەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمـی کوردستان و توندترکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەم قەدەغەیە لە نێوان هەرێمـی کوردستان و پارێزگاکانی عێـراق و ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەتایبەتی ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن بە جۆرێک بتوانرێ کەمتـرین هاتووچۆ و بەریەککەوتن هەبێت، و هەمان شت ڕەچاو بکرێت لەلایەن وەزارەت و لایەنەکانی دیکە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان کە نیشتەجێی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن.