سه‌رۆكی به‌رازیل ناچارده‌كرێت ده‌مامك ببه‌ستێت

24.06.2020
جەماوەر نیوز
دادگاى به‌ڕازیلى جایرۆ بۆلسۆنارۆ، سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ى ناچاركرد، له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ده‌مامك ببه‌ستێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزاى دارایى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
ده‌زگاكانى راگه‌یاندنى به‌ڕازیل بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، دادگاى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاری داوه‌ ئه‌گه‌ر جارێكى تر بۆلسۆنارۆ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا به‌بێ ده‌مامك ده‌ربكه‌وێت، ئه‌وا بڕى 340 یورۆ سزاى دارایى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كى فراوان له‌ به‌ڕازیل بڵاوبوه‌ته‌وه‌ و له‌دواى ئه‌مریكاوه‌ دووه‌م وڵاتى جیهانه‌ له‌ زۆرى ژماره‌ى توشبوان و گیانله‌ده‌ستدان، به‌ڵام سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریدا به‌بێ به‌ستنى ده‌مامك ده‌ركه‌وتوه‌.
ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ به‌ڕازیل به‌ستنى ده‌مامك كراوه‌ به‌ ناچارى و تائێستاش له‌و وڵاته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 150 هه‌زار توشبو، نزیكه‌ى 53 هه‌زار گیانله‌ده‌ستدان تۆماركراوه‌ و به‌رده‌وامیش ژماره‌كان له‌ به‌رزبونه‌وه‌دان.