بەشه‌ ناوخۆیی زانکۆی گەرمیان ئاماده‌كرا بۆ باشتر خزمه‌تكردنی توشبوانی كۆرۆنا

25.06.2020
جەماوەر نیوز
بەشێک لە نەخۆشەکان بۆ بەشی ناوخۆیی زانکۆی گەرمیان دەگوازرێنەوە
بەپێی بڕیارێک بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە توشبوانی کۆرۆنا، بەشێک لە نەخۆشەکان بۆ بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی گەرمیان دەگوزرێنەوە.
لە ماوەکانی رابردودا بیرۆکەیەک لەلایەن تەندروستی گەرمیان بە ھاوبەشی زانکۆی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی کەلار گەڵاڵەکرا بۆ ئەوەی بەشێک لەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەی قەڵان و نیشانەی نەخۆشیەکەیان تێدا نیە و لاوازە، بۆ بەشی ناوخۆیی بگوێزرێنەوە.
پاش گەیاندنی بیرۆکەکە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پاڵپشتی کرد و ژوری ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیانیش لە دوا کۆبونەوەی دا بڕیاری لە دەستپێکردنی دا.
د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەوبارەوە رایگەیاند: بە سوپاسەوە بۆ رۆڵی ئیدارەی گەرمیان لە سەرگرتنی ئەم ھەنگاوە، تێگەیشتنی تەواو ھەبوە لەلایەن زانکۆی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی کەلار بۆ ھەنگاوەکە و چەند رۆژێکە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت و ستافی تایبەتی لە تەندروستی گەرمیان پێکھێنراوە بۆ سەرپەرشتی ئەو کارە و لە ئەمڕۆوە نەخۆشەکان دەگوێزرێنەوە.
وتیشی: ئەم ھەنگاوە بۆ ئەوەیە دەرفەت بدرێت بە ئەو نەخۆشانەی کە رەوشی تەندروستیان خراپە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەکە داخل بکرێن، چونکە نەخۆشخانەی قەڵا چیتر نەیدەتوانی نەخۆش وەربگرێت.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ بە فەرمانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، م. سەباح محەمەد، بە یاوەری زانای ئاینی م. حەسەن کەلاری، سەردانی نەخۆشخانەکەی قەڵایان کرد بۆ ھاندانی نەخۆشەکان بۆ بەدەمەوەھاتنی ئەم ھەنگاوە.
لەو سەردانەدا داوایان کرد خەڵک و حکومەت ھاوکاری یەک بن بۆ زاڵبون بەسەر ئەم پەتایە، جەختیشیان لە گرنگی ھاوکاریی یەکتری کرد، لەوڕوەوە داوایان کرد ئەو نەخۆشانەی دۆخیان خراپ نیە، بچنە بەشی ناوخۆیی و دەرفەت بدەن بەو نەخۆشانەی دۆخیان خراپە بۆ ئەوەی داخل بە نەخۆشخانەکە بکرێن و چارەسەر بکرێن.

زۆرترین خوێندراو