حكومه‌تی هه‌رێم: چاکسازی لە هەموو کەرتەکاندا دەکرێت

01.07.2020
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ته‌موز ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان به‌ ئاماده‌بونی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان خستەڕوو، سوپاسی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشی کرد بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.
پاشان عەبدولحەکیم خسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو کە ئەمڕۆ 1ی تەموز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر وەزیری دارایی و ئابووری میکانیزم و ڕێکارەکانی ئەو ڕێنماییە داراییانەی خستەڕوو کە لە بەرواری ٢٠٢٠/٦/٢٩ دەرکراون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی.
مه‌سروربارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە چاکسازی لە هەموو کەرتەکاندا دەکرێت و پرۆسەیەکی بەردەوامە . ئامانجیش لە چاکسازی کە خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی مووچە خۆرانی شايستە و ڕاستەقینەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ڕەشنووسی پەیڕەو و چوارچێوەی یاسایی په‌ره‌پێدانی هاوبه‌شی هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌تی و گشتی ( Public -Private Partnership) و چەندین پێشنیار بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سوپاسی وەزارەتی پلاندانانی کرد و بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە و پێشنیارەکانی پەسەند کرد کە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی کەرتی گشتی وتایبەت بە ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کۆمپانیاکان وكێبڕکێ و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیيان و پەیڕەوکردنی پێوەرە دارایی وتەکنیکیی و یاساییە کارپێکراوەکان بەجۆرێک لە خزمەتی پڕۆژە گشتییە خزمەتگوزارییەکان بێت.
دواتر سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامانج ڕەحیم سەرۆکی لیژنەی ڕاسپێردراو بە پێداچوونەوەی باج راپۆڕتێکی تێروتەسەلی دەربارەی ئەنجامی کاری دیراسەکردن و پێداچوونەوەی لیژنەی ڕێکخستنەوەی سیستەمی باجی لە هەرێم خستەڕوو ، کە لەسەر ئاستی ستراتیژی و درێژخەیان دەستنیشانی پلانی چاکسازیی باجی کردبوو، لەبەشێکی دیکەشدا پلانی هەنووکەیی بۆ چاکسازیی لە بواری باج خستەڕوو، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجومەن و ئەندامانی لیژنەکە، بە کۆی دەنگ سەرجەم ڕاسپاردەکانی لیژنەکەی پەسەندکرد بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی باج ئەگەر لە دەرەوەی یاساکان درابێت و هەرچی زوو جێبەجێکردنی پەیرەوی پیادەکردنی پیشەی ژمێریاری یاسایی و کاری ووردبینی پڕۆژە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی ژمێریارە یاساییەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و بۆ بەرگرتن لەخۆدزینەوە لە پێدانی باج، و پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە پێدانی باج و وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەی خۆیان لە پێدانی باج دەدزنەوە یان مۆڵەتەکانی لێخۆشبوونی باج بە پێی یاسا بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خراپ بەکاردەهێنن. سەرەڕای کارکردن بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ باج و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باجدەران و نەهێشتنی بیرۆکراسی و ڕووتینی بەڕێوەرایەتییەکانی باج و برەودان بە شەفافیەت.

 


زۆرترین خوێندراو