ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تی ڕاسپارد بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی جوتیاران

08.07.2020
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ته‌موز ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماده‌بونی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووە.
لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران راپۆرتێکی دەربارەی پڕۆگرامی بایۆمێتری خستەڕوو کە تیایدا بە زانیاریی و وردەکارییەوە باسی قۆناغەکانی سیستەمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستەمی بایۆمێتری کرد کە پڕۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمێتری مووچەخۆران.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی درووست.
دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن وبەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی. لە تەوەرێکی دیکەشدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا.
لە تەوەرێکی دیکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی وگەشتوگوزار، داد)ی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.

زۆرترین خوێندراو