له‌ سلێمانی پێنج ریستۆرانت داده‌خرێن

16.07.2020
جەماوەر نیوز
به‌هۆی سه‌رپێچی كردن له‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێنج ریستۆرانت تا كاتێكی نادیار داده‌خات.
كوردۆ عه‌زیز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ریستۆرانتی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و‌ سه‌رپێچیكردن له رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌كه‌ پێنج ریستۆرانتی گه‌شتیاری له‌ شاری سلێمانی داده‌خات.
وتیشی: ریستۆرانته‌كانی‌ (به‌رلین، ئه‌نغام به‌غداد، سایەگوڵ1، شنە، کارڤان) به‌بڕیاری قائیمقامی سلێمانی تا كاتێكی نادیار داده‌خرێن و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش خاوه‌نه‌كانیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.
رونیكرده‌وه‌: لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری سلێمانی، به‌مه‌رجی جێبه‌جێ كردنی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی دوكان و بازاڕه‌كانی كردوه‌ته‌وه‌، له‌كاتی پابه‌ندنه‌بونی ئه‌و شوێنانه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ داده‌خرێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.
پێشتر لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ ئاگادار ‌كردوه‌ته‌وه‌‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی سه‌رپێچی جارێك داخراون، له‌كاتی دوباره‌ كردنه‌ی سه‌رپێچیدا شوێنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ  داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه‌.
لیژنه‌ی ریستۆرانت یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، سه‌ردانی ئوتێل، مۆتێك، ریستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیاره‌ییه‌كان ده‌كات، له‌ڕوی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و نرخ و رێكاره‌كای خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا پشكنینه‌كان ده‌كات له‌كاتی هه‌بونی سه‌رپێچی شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو