گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ هه‌رێم به‌ مه‌رج ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

26.07.2020
جەماوەر نیوز
بڕیارە رۆژی شەمەی داھاتوو 1ی ئابی 2020 گەشتەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی دەستپێبكەنەوە، بۆ چوون و ھاتنی گەشتیارانیش چەند مەرجێكی تەندروستی دادەنرێت.
د. ھەست كەریم، بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر راگەیاند: "ئەو كەسانەی كە لە ھەرێمی كوردستان گەشت دەكەن دەبێ ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت بە مەرجێك 48 كاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕێبێت. بەھەمانشێوە ھەر گەشتیارێك كە دێتە ھەرێمی كوردستان دەبێ ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنای پێ بێت، ئەگەر ئەو ماوەیە بەسەر پشكنینەكەدا تێپەڕی بێت تیمەكانی ئێمە پشكنینی بۆ دەكەن و دەبێ ئەو كەسە بەڵێننامە پڕبكاتەوە كە ماوەی دوو ھەفتە لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین دەكات".
بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستا بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانە سەرقاڵی ئامادەكاریین، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزینەوە، ئامادەكارییەكانمان گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی.
راشیگەیاند: "شوێن بۆ گەشتیاران ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی لەكاتی گەشتكردن بۆ دەروەی ھەرێمی كوردستان یان ھاتنیان لێی پشووبدەن تا پشكنین و مامەڵەكانیان تەواو دەكرێت".
د. ھەست كەریم، ئەوەشی خستەڕوو: "باشتر وایە ئەو كەسانەی لە ھەرێمی كوردستانەوە گەشت دەكەن 72 كاتژمێر پێش گەشتكردن پشكنینی كۆرۆنا بكەن بۆ ئەوەی بۆ كاتی رۆیشتنیان ئەنجامی پشكنینەكە دەرچێت".

زۆرترین خوێندراو