ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری نوێ ده‌رده‌كات

03.08.2020
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی رێكار و رێنمایی دەدات.
له‌و باره‌یه‌وه‌ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان راگەیاند"ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت و كۆمەڵێك بڕیار و رێكار و رێنمایی لەبارەی دۆخەكە لەبەردەستە، دواتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەكان دەدرێن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ھاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەوەی رێژەكە كەمبكرێتەوە و دۆخەكە تاڕادەیەك ئاسایی بكرێتەوە".
ناوبراو وتیشی "زۆربەی ئەو كەسانەی ئێستا تووشی كۆرۆنا دەبن پێویستیان بە  داخڵ بوون لە نەخۆشخانە ھەیە و بەشێكیشیان پێویستیان بە ئۆكسجین و چاودێری چڕە. لەم چەند رۆژەدا لە شوێنە گەشتیارییەكان قەرەباڵغی و بەریەك كەوتنی زۆر ھەیە و ھاووڵاتییان پابەند نابن، ئەمەش مەترسیدارە".
وەزیری تەندروستی جەختیكردەوە: "لە راوێژكردنداین بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا كۆمەڵێك بڕیاری لەبارەی رێكار و رێنمایی نوێ بدەین، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
د. سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو پێداویستییەكان بە زیادەوە لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دابین كراوە، بۆ ئەوەی لە ھەر ئەگەرێكدا جێگرەوە ھەبێت، بەڵام چارەسەری سەرەكی خۆپارێزییە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا".
باسی لەوەشكرد: "بەھۆی پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان، پێشتر پێشبینی ئەوەمان كردبوو كە دۆخەكە بە ئێستا دەگات".


زۆرترین خوێندراو