بەڕێز محه‌مه‌د حاجی محمود په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێز مسعود بارزانی ده‌كات

15.08.2020
جەماوەر نیوز

به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێز محه‌مه‌د  حاجی محمود  په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێز مسعود بارزانی ده‌كات.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود:
به‌ڕێز جه‌نابی کاک مه‌سعود بارزانى
به‌ڕێزان ئه‌ندامانى مه‌کته‌بی سیاسی و سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان
بە بۆنه‌ى ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه، ‌کە رۆژێکى گرنگ و پرشنگدارى نەتەوەیى و هاوقۆناغى بووژانەوەى بزاڤى کوردایەتییە لەسەرتاسەرى کوردستان، پیرۆزبایى گەرم پێشکەشى به‌ڕێزتان و سەرجەم ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتە تێکۆشەرەکەتان دەکەین.
دامه‌زراندى پارتى دیموکراتى کوردستان لەو کاتەدا کە سەردەمى دووبارە بنیادنانەوەى دەوڵەتان و سەربەخۆیى بەشێکى ترى گەلانى ناوچەکە بوو، هەنگاوێکى پێشکەوتنخوازانەى سەرکردایەتى شۆڕش و خەباتى نەتەوەییمان بوو بە ئامانجى بەدیهێنانى مافەکانى کورد و کوردستانێکى ئازاد و دیموکرات.
ئێستاش وا بەشانازییەوە پارتە تێکۆشەرەکەتان و ئەو خەونە نەتەوەیییه‌مان دواى رووبارێک خوێن و فرمێسک، لە دڵى رۆڵەکانى گەلەکەماندا زیندووەو رێگاى گیانبەخشین و ئاییندە و ئومێدە و سەرەراى بەدیهێنانى دەستکەوتى مێژوویى، بەڵام هێشتا هەڕەشەو مەترسیش کۆتایى نەهاتووە و ئامانجى باڵامان لەخۆبردوویى و خەبات و قوربانى زیاترمان لێ دەخوازێت.
جارێکى تر لەگەڵ جوانترین پیرۆزبایى، جەخت لەسەر پەیوەندى دۆستانەو خەباتى برایانەى نیشتمانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان دەکەینەوەو هیوادارین ئەم یادە ببێته‌ هانده‌ر بۆ‌ زیاتر به‌هێزبوونى هه‌رێمى کووردستان و یه‌کڕیزى نێوماڵى کورد و هێزه‌ سیاسیه‌کان، لەپێناو خزمه‌تى زیاترى هاوڵاتیانى کوردستان و ئامانجە باڵاکانى گەلەکەمان.


دڵسۆزتان محەمەدى حاجى مەحمود


زۆرترین خوێندراو