خواردنی هەنجیر سودی زۆره‌

22.08.2020
جەماوەر نیوز
هەنجیر یەكێكە لە میوە شیرین و بەتامەكانی وەرزی هاوین، پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەنجامداوە و بۆیان دەركەوتووە چەندین سودی بۆ لەش هەیە و دەتوانرێت وەك چارەسەری پزیشكی بەكاربهێنرێت.
بەڕای پسپۆڕەكان ئەو میوەیە بڕێكی زۆر كالسیۆم و پۆتاسیۆم و ئاسنى تێدایە، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی (A,B,C).
ئەو پۆتاسیۆمەی لە هەنجیردایە یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن دەدات، هەروەها كالسیۆمی پێكهاتەكەی هیچی لە كالسیۆمی شیر كەمتر نییە، ئەوەش یارمەتی بەهێزكردنی ئێسك دەدات.
ئەو میوەیە یارمەتی دابەزاندنی كێشی لەش دەدات، چونكە تامە شیرینەكەی وادەكات ئەو كەسەی دەیخوات بە بڕێكی كەم تێربێت و بۆ ماوەیەك هەست بە برسێتی نەكات و خواردنی بۆ نەخورێت، ئەمە جگە لەوەی یارمەتی كرداری هەرسكردن دەدات.
خواردنی هەنجیر بۆ ئەو كەسانە زۆر گرنگە كە ڕێجیم دەكەن، چونكە ماددە خۆراكییە پێویستەكان بۆ لەش دابین دەكات و وادەكات ئەو كەسە هەست بە لاوازی و بێتوانایی نەكات، هەروەها جۆرە ماددەیەكی تێدایە بە بیكتین ناسراوە و كۆلیسترۆڵی زیان بەخشی خوێن كەمدەكاتەوە.
هەنجیر؛ دژی گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانە بەتایبەت كۆڵۆن، هەروەها سودی بۆ كۆئەندامی هەناسە هەیە و سییەكانی مرۆڤ بەهێز دەكات و لە هەوكردن دەیانپارێزێت، ئەوەش لەم كاتی بڵاوبونەوەی كۆرۆنایەدا زۆر گرنگە، كە زۆرترین كاریگەری لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان دروست دەكات.
هەنجیر بە وشكی سودەكانی زیاتر دەبێت، چونكە بڕێكی زۆر ماددەی دژە ئۆكسیدی تێدایە، ئەوانەش لەش لە چەندین نەخۆشی دەپارێزن، هەورەها دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا سێ و شەش، كە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ كەمدەكاتەوە.


زۆرترین خوێندراو