له‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبونه‌وه‌

04.09.2020
جەماوەر نیوز
سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول له‌ ئه‌نقه‌ره‌  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى له‌گه‌ڵ مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيا و چۆنيه‌تيى په‌ره‌پێدانى زياتريان له‌ هه‌موو بوراه‌كاندا به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودانى زياتر به‌ جموجووڵ و ئاڵوگۆڕى بازرگانيى نێوانيان كرده‌وه‌.
بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر بوارى ئابوورى له‌ هه‌رێمى كوردستان و توكيا ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان نيشان دا به‌ پێشكه‌شكردن و ناردنى يارمه‌تى و پێداويستيى پزيشكى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی توركیا بوارەكانی ئەمنی، ئابووری، تەندروستی، پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەولێر و ئەنقەرە و پرسەكانی ئابووری تاوتوێكران.
دزەیی، وتیشی ھەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی ھەیە لەرووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە. حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی ئێستا خوازیارن پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بدات و نوێنەرایەتی ھەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرفراوانتر بكرێنەوە لە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی.

زۆرترین خوێندراو