زەردوویی منداڵی تازە لە دایک بوو چییە؟

07.09.2020
جەماوەر نیوز
د.پشدەر عه‌بدوڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان
زەردوویی بریتیە لە زەرد هەڵگەڕانی ڕەنگی پێست و سپێنەی چاوو بەشی ناوەوەی دەم لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ماددەیەک کە پێی ئەوترێت بیلیڕۆبین.
بیلیڕۆبین لە ئەنجامی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە بەرهەم دێت و لە جگەردا ئەگۆڕدرێت بۆ ماددەیەک کە بە ئاسانی لە ڕێگەی میزو پیساییەوە فڕێ ئەدرێتە دەرەەی لەش.
جۆرەکانی زەردوویی:
۱- زەردوویی فیسیۆلۆجی (واتە نەخۆشی نیە) 
لە دووەم یان سێیەم ڕۆژی تەمەنی منداڵەکە دەرئەکەوێت ٫ لە هەموو جۆرەکانی تر زۆرترە ٫ لە ئەنجامی باش پێنەگەیشتنی جگەری منداڵی تازە لە دایک بوو دەرئەکەوێت وە هەروەها هۆکارێکی تری پەیوەندی بە تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی منداڵی تازە لە دایک بووەوە هەیە کە کەمە بۆیە زووتر تێک ئەشکێن و ماددەی بیلیڕۆبین بەرهەم ئەهێنن .
لە دوای هەفتەی یەکەمی تەمەنەوە نامێنێت لە ئەنجامی پێگەیشتنی جگەرەوە، بۆیە زۆربەی زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر نابێت.
۲- زەردوویی بەهۆی نەگونجانی گرووپی خوێنی دایک و منداڵەکە؛ئەگەر گروپی خوێنی دایکەکە - بوو منداڵەکە + بوو یان دایکەکە گرووپی خوێنەکەی O بوو، بەڵام منداڵەکە گرووپی خوێنی A یان B بوو.
زۆرجار لە ڕۆژی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەوە زەردوویی دەرئەکەوێت و پێویستیان بە چارەسەر ئەبێت.
۳- زەردوویی بە هۆی شیری مەمکی دایکەوە:
شیری هەندێک دایک ماددەیەکی تێدایە کە ئەبێتە هۆی تەمبەڵبونی جگەر و بەهۆیەوە زەردوویی٫ لە هەفتەی دووەمی تەمەنیەوە دەرئەکەوێت و هەندێکجار تا تەمەنی ۱۰ هەفتە بەردەوام ئەبێت٫ زۆرکەم پێویست بە چارەسەر ئەکات ، تکایە پێویست بە وەستانی شیری دایک ناکات.
٤- زەردوویی بەهۆی کەم پێدانی شیر بە تایبەت لە هەفتەی یەکەمی تەمەندا، ئەمەش ئەبێتە هۆی ووشک بوونەوە و کەم دەردانی ماددەی بیلیڕۆبین بۆ دەرەوەی لەش لە ڕێگەی پیساییەوە ، بەهۆیەوە زەردوویی درووست ئەبێت.
۵- ئەگەر کێشەیەک لە ئەنزیمەکانی یان پەردەی دەوری خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەبوو ، ئەوا ئەبێتە هۆی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان و کۆبونەوەی ماددەی بیلیڕۆبین و دەرکەوتنی زەردوویی.
زۆر هۆکاری تر هەیە بۆ زەردوویی، بەڵام نامانەوێت بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بێت لاتان.
لە کاتی هەست کردن بە زەردوویی منداڵەکەت پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێ بکەیت ،چونکە ئەگەر ماددەی زەردووییەکە واتە بیلیڕۆبین لە ئاستێکی دیاری کراو بەرزتر ببێتەوە ئەوا لە بەشەکانی جەستەدا ئەنیشێت بە تایبەت لە مێشکداو ژیانی منداڵەکەت بۆ هەمیشە وێران ئەکەیت.
تکایە لە دوو هەفتەی یەکەمی تەمەنیدا هەمیشە لە بەر ڕووناکی ئاسایی بۆ زەردووی سەیری بکە چونکە لە تاریکی و ڕووناکی گڵۆپ هەست بە زەردوویی ناکەیت.
بێ بڕیاری پزیشکی پسپۆڕی منداڵان هیچ دەرمانێک مەدە بە منداڵەکەت چونکە دواتر پەشیمانی هیچ لەو کارەساتە ناگۆڕێت کە بە بڕیاری هەڵە بەسەر منداڵەکەتدا هاتووە.
هەندێک نیشانەی مەترسیدار لە کاتی زەردوویی منداڵی تازە لە دایک بوو:
۱- زەردوویی لە ماوەی ۲٤ کاتژمێری یەکەمی تەمەنی.
۲- ئەگەر زەردووییەکە بە خێرایی زیادی کردوو تۆختر بوو لەگەڵ کاتدا.
۳- ئەگەر منداڵەکە تای هەبوو.
٤- ئەگەر منداڵەکە نەخۆش دیار بوو.
۵- ئەگەر منداڵەکە شیر خواردنی باش نەبوو.
٦- ئەگەر منداڵەکە هۆشی باش نەبوو یان هەستت کرد زۆرتر خەوتوو دیارە.

زۆرترین خوێندراو