له‌ به‌ركه‌می موچه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌ستله‌كار ده‌كێشێته‌وه‌

20.10.2020
جەماوەر نیوز
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی وڵات، بەنیازە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا دەستلەسەرۆکایەتی حکومەتی وڵات بکێشێتەوە، لەداخی کەمیی ئەو مووچەیەی وەک سەرۆکوەزیرانی وڵات وەریدەگرێت، لە کاتێکدا داهاتەکەی بەر لەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران زۆر زیاتر بووە.
رۆژنامەی 'دەیلی میرۆر'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، جۆنسۆن پلانیداناوە لەگەڵ تەواوبوونی بابەتی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت پێشکێشبکات.
هەندێک لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران، کە سەرۆکوەزیرانیش سەر بەو پارتەیە، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەو هەست بەبێئومێدی دەکات لەو مووچەیەی وەک سەرۆکوەزیرانی وڵات وەریدەگرێت، بەراورد بەو مووچەیەی بەر لەو پۆستە هەیبوو.
سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی حکومەت بۆ رۆژنامەکەیان ئاشکراکردووە، جۆنسۆن چەندینجار گلەیی کردووە لەوەی توانای ژیانی نەماوە بەبڕی 150،402 هەزار پاوەند کە دەکاتە 194،244 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا.
دەیلی میرۆر دەڵێ، بیرکردنەوەی ئێستای سەرۆکوەزیران لە کوڕە نوێیەکەیەتی کە تەنیا 6 مانگ تەمەنیەتی و ئەو بیر لە داهاتووی خوێندنی ئەو منداڵە دەکاتەوە، کە لەپاش چوونە قوتابخانە پێویستی بە 42،500 هەزار پاوەند هەیە لە ساڵێکدا.
رۆژنامەکە دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا بەو هەنگاوەی تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە سەرسامە، کە لەدوای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکایەتی حکومەت، بەماوەیەکی کەم و بەهۆی کۆڕ و دیبەیتەکانییەوە، ملیۆنێک پاوەندی بەدەستهێنا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، بۆریس پێیوایە لەماوەیەکی کەمدا، دەتوانێ دوو هێندەی ئەو پارەیە بەدەست بهێنێت، کە مەی بەدەستیهێنابوو.
جۆنسۆن بەرلەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران، لە رووی داهات و داراییەوە دۆخی زۆر باشتربوو. ئەو لە تەنیا دوو گوتاردا بەرلەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران 160 هەزار پاوەندی بەدەستهێنابوو. ئەمە جیا لەوەی مانگانە 23 هەزار پاوەندی بەهۆی ستووننووسی لە رۆژنامەی 'دەیلی تێلێگراف' بەدەستدەهێنا کە ساڵانە دەیکردە 275 هەزار پاوەند.
دەیلی میرۆر، ئاشکرایکردووە، دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری وڵات، بۆ هەر گوتارێک کە دەیدات بڕی 120 هەزار پاوەند وەردەگرێت، لە کاتێکدا تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشتر، ساڵانە 22 ملیۆن پاوەند لە رێگەی گوتاردان و راوێژکارییەوە بەدەستدەهێنێت.
ئەوە یەکەمجار نییە رۆژنامەکانی بەریتانیا باس لە کێشە داراییەکانی جۆنسۆن دەکەن، پێشتر سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردبوو، سەرۆکوەزیران و هاوڕێ کچەکەی کە تازە منداڵیان بووە، توانای بەکرێگرتنی خزمەتکارێکیان بۆ منداڵە نوێیەکەیان نییە. ئەوەشیان بڵاوکردبووەوە جۆنسۆن لە نیشتەجێبوون لە شوقەیەکی بچووکدا یەکجار بێزارە و توانای بەردەوامبوونی لەو ژیانەی کە ئێستا هەیەتی، نەماوە.

زۆرترین خوێندراو