نه‌جمه‌دین كه‌ریم كۆچی دواییكرد

31.10.2020
جەماوەر نیوز

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد و (بە ئەمانەت) لە کوردستان بەخاک دەسپێردرێت، تاوەکو دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی "لە کەرکووک بنێژرێت".
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک چەند رۆژێک بەر لە ئێستا تووشی جەڵتەی مێشک ببوو، هەر ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی لەتەمەنی 71 ساڵیدا.
نووسینگەی نەجمەدین کەریم رایگەیاند "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە رایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند رۆژی رابردوو، بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك، ھەینی کاتژمێر 11:00ـی شەو بەکاتی ئەمەریکا (بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر) کۆچی دواییکرد".
نووسینگەکەی ئاشکرای دەکات " لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم، تەرمی بەڕێزییان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەو کاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز".
هەر لەسەر وەسیەتی خۆی هیچ پرسەیەکی بۆ دانانرێت بۆ ئەوەی هیچ قەرەباڵغییەک دروستنەبێت و دۆخی تەندروستیی شتی پارێزراو بێت.

دەقی راگەیەندراوی نووسینگەکەی:
(يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً فَادْخُلِي فِي عِبَادِي وَادْخُلِي جَنَّتِي))
هاونیشتمانیانی ئازیز لە کەرکوک و کوردستان ...
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند ڕۆژی رابردوو بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك، ئێستا رۆژی ھەینی کاتژمێر ١١ەی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکرد.
هاوکات ئاشکرای دەکەین، کە لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم تەرمی بەڕێزییان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەو کاتەی شاری کەرکوك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگەدەبێت ، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز. بەڕێز دکتۆر نەجمەین، پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، ڕاسپاردەی ئەوەی بەجێهێشت، کە لەبەر سەلامەتی وتەندروستی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ جۆرە قەرەباڵەغی و پرسەیەکی بۆ دانەنرێت. خانەوادەی دكتۆر نەجمەدین سوپاسی بێ پایانی خۆیان بۆ هەموو لایەك دەردەبرن، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی لە خەمی تەندروستی خواڵێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین بوونە.
(( إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ))
نووسینگەی خوالێخۆشبوو
دکتۆر نەجمەدین كەریم
٣١/١٠/٢٠٢٠

بایۆگرافیی نەجمەدین کەریم:
- لەدایکبووی ساڵی 1949ـیە.
- خوێندنی ئامادەیی لە کەرکووک خوێندووە.
- کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی موسڵ خوێندووە.
- لە زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمەریکا، دکتۆرای بەدەستهێناوە.
- لە ساڵی 1972 بووەتە پێشمەرگە.
- لە ساڵی 2011 بووەتە پارێزگاری کەرکووک.


زۆرترین خوێندراو