په‌رله‌مانتارێك: قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ زیاتر له‌ ٥٥ ملیۆن دۆلاره‌

11.01.2021
جەماوەر نیوز

داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی عەلی حەمە ساڵح دەکرێت.

بەپێی نووسراوی دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن، کە واژۆی دادوەر تاڵب مەجید شەریفی بەسەرەوەیە و 14-12-2020 دەرچووە و عەلی حەمە ساڵح ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-1-2021) لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی کراوە.
لە نووسراوەکەی دادگا هاتووە "لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، کە لەم دادگایە سکاڵایان تۆمارکردووە لەدژی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، گوایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک تۆمەتی داوەتە پاڵیان کە چەندین بارهەڵگری قاچاغ بەبێ گومرگکردن ئاودیو دەکرێن، لەبەرئەوەی ناوبراو پارێزبەندیی هەیە، داواکارین ئاگادارمان بکەنەوە لە رەزامەندیتان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ناوبراو بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەدژی، بەپێی ماددەی 1/433 لە یاسای سزادان".
لە بەرامبەردا عەلی حەمە ساڵح لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی "بەڵێ، دەیڵێمەوە: قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ 55 ملیۆن دۆلار زیاترە... دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە رێگای دادگاوە بمانترسێنن. بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن".

ده‌قی نوسینه‌ عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح:

قاچاخچی و پاسەوانی قاچاخچیەکان من دەدەن بەدادگا
لە ڕابردودا بە چەندین ڕێگای جیاواز زۆر ھەوڵدتا بێدەنگ بم لە دۆسیەی قاچاخچیەکان، کۆڵم نەدا تاوکو ھەمووان تێگەشتن ئەم حوکمڕانە قاچاخچیانە چۆن دزی لە میللەت دەکەن..
دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە ڕێگای دادگاوە بمانترسێنن.. بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن...
ئەوە دەیڵێمەوە..
بەڵێ ئەوە دەیڵێمەوە
قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ ٥٥ ملیۆن دۆلار زیاترە. 
لە بازاڕی جگەرەکە نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ئێستا تەواوی جگەرە بە قاچاخ دێت...
لە عەقاری نوسینگەی قاچاخیان بۆ ئۆتۆمبیل داناوەو ھەموو ئۆتۆمبیلێکی ڕێگا پێنەدراو داخڵ دەکەن..
لە جبس و ھێلکەو فەرش و کەرەستەی کارەبایەوە تاوەکو بزن و مەڕو پاککەرەوە باقاچاخ داخڵدەکەن..
ئەو ھێزە ئەمنیەی لە باشماخە... تەنسیق بۆ سەرجەم بارە قاچاخەکان دەکات، پاشان لە ھەموو بازگەکانیش بەناوی باری تەنسیقەوە بەبێ ئەوەی داوای مەنەفێست و وەرقەی گومرگ بکەن داخڵی دەکەن..
لە موبایل و ئاڵتونی مەتاڕەوە بۆ قاچاخی ھەموو خاڵە سنوریەکان، لوتکەی دەسەڵاتی لەپشتە...
کاک لیوا مەریوان بەرپرسی کۆمەڵگای باشماخ، ئەگەر دەزانن باسکردنی ئەم قاچاخیە خراپە، تەنسیقی بارە قاچاخەکان ڕابگرن...
ھیچ دادگایەک جورئەتی نەکرد بڕیاری گرتن بۆ قاچاخچیەکان دەربکات، بەڵام من لەسەر باسکردنی دەبێت بچمە دادگا!!!!
دڵنیابن بێدەنگ نابم
عەلی حەمە ساڵح


زۆرترین خوێندراو