جوتیار عادل: حكومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر زیادكردنی داهات ده‌كات

13.01.2021
جەماوەر نیوز
جوتیار عادل، وته‌وویژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مرۆ له‌ گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌واندیا ڕایگه‌یاند له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی تاوتوێی رێكار و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌نگاوی باش نراون‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، ئامانجی ئه‌و لیژنه‌یه‌ رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و زیادكردنی داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌، سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ و هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ هیچ گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت نییه‌ و ته‌نیا بوونی ئه‌وان له‌و شوێنانه‌ بۆ زیادكردنی روتینه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ ناكرێت و رێگه‌یان پێ نادرێت له‌و خاڵانه‌ كار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سۆنگه‌ی شه‌فافیه‌ت و دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كان، دوای چه‌ندین ساڵ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌خرێته‌ڕوو و په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌ ئامانجی ئاشكراكردنی داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت به‌ ته‌واوه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو به‌دیهێنانی داد‌په‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.