ده‌ کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دادەخرێت

11.02.2021
جەماوەر نیوز
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە 10 کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دادەخەن و دەشڵێت هەندێک لایەن ئاوارەکان بۆ مەرامی سیاسی بەکاردێنن.
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی ئەلعێراقییە رایگەیاند، لە کۆی 174 کامپ، ئێستا 26 کامپ ماون، کە دوویان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن. تەنیا لە پارێزگای دهۆک 16 کامپ ماون، کە زۆربەیان ئێزدین. بەم نزیکانە 10 کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دادەخەن و وەزارەتەکەشیان ئامادەیە کامپەکانی هەرێمی کوردستان دابخات. بەڵام دەبێت بەپێی پلانێک بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کامپەکانی ئاوارەکان ببوونە سەرچاوەی بژێوی هەندێک لە هێزە سیاسییەکان، بۆیە زۆربەی هێزە سیاسییەکان لە داخستنی کامپەکاندا زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێت. ئاوارەکان لە زۆر بابەت بەکارهێنراون لەوانەش لە هەڵبژاردندا. هەروەها هەندێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سوومەند بوونە لە پارەی زۆری تەرخانکراو بۆ ئاوارەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش لە رێگە هەندێک کەسی عێراقی کاریان کردووە، کە ئەمانەش سوودیان لەو پارە تەرخانکراوانە وەرگرتووە.
ئیڤان فایەق، راشیگەیاند، وەزارەتی کۆچ بە هاوکاری ئاسایشی نیشتمانی لەماوەی 72 کاژێردا وردبینی لە دۆسیەی ئەمنی ئاوارەکان دەکات، لە کاتێکدا پێشتر وردبینی ئەمنی ساڵێکی تەواوی دەخایاند. پێشتر کامپەکان هاوشێوەی بەندیخانەیەکی داخراو بوون بۆ ئاوارەکان.

زۆرترین خوێندراو