چۆن خەوت باش دەکەیت، چییە ڕێگا چارەکان ؟

16.02.2021
جەماوەر نیوز
ئازاری بەردەوامت ھەیە کە خەوت تێکدەدات ؟
چۆن خەوت باش دەکەیت، چییە ڕێگا چارەکان ؟
د. ھەڤین کەمال شاە محه‌مه‌د ، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن
توێژینەوەکان دەریان خستووە ٣⁄٢ ی ئەوانەی ئەناڵێنن بە ھۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە کێشەی کەم خەووی و ناڕێکی خەویان ھەیە ..وەلەبەر ئەوەی کەم خەوی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازار و بەھەمان شێوەش ئازار دەبێتە ھۆی ناڕێکی و کەم خەوی کەھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن ..
بۆیە ھەندێ ڕێنمایی ھەیە کەگرنگە پەیڕەوی بکرێت بۆ نەھێشتنی کەم خەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە ..
ڕێنماییەکان :
١- پەیڕەوی کردنی ھەندێ عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە ھەندێکی تر :
زۆرێک ھەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر نووستن ، ھەندێکیش وا لە جەستەمان ئەکات کە تێ بگەین ئیتر کاتی خەوەو خۆمان حازر کەین بۆ نووستن ، ھەندێک لەو کردارانەی ئەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن :
-- دوورکەوتنەوە لەوخواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەکو : چا ، قاوە ، بیبسی و خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی ٦ سەعات پێش خەوتن ..
-- دوورکەوتنەوە لە وەرزش ٤-٦ سەعات پێش کاتی خەو ، چونکە یارمەتی ھۆشیار کردنەوەی لەش دەدات ، کە کاتی پێویستە ھەتا وات لێ بێتەوە بخەویت ...
-- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەھارات نزیک کاتی خەوتن ، ئەمانە ھەمووی کاتی ئەوێت بۆ ھەرس کردن ..
-- دوورکەوتنەوە لەبەکارھێنانی ماددە کحولیەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تیادایە وەکو جگەرە کەتوشی کەم خەویمان دەکەن ....
بەھەمان شێوە ھەندێ کردار ھەیە کە کردنیان دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی خەو وەکو :
-- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا ، دەبێتە ھۆی زوو خەوتن لە شەودا .
1. -- خۆشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە ھۆی خاو کردنەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا ..
-- خۆ کێشانەوەو ڕاکێشانی ماسولکەکانی لەش بۆ ماوەی ٣-٥ خولەک پێش نووستن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات ...
-- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت سەعاتێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەکو : شیری گەرم ، چای ڕووەکی ..
--لەھەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک ھەموو ڕۆژێک لەھەمان کاتدا بچیتە ناو جێگاو لەھەمان کاتد ا ھەڵسیت ، یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە ...
٢- بەکارھێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا :
-- ھیپنۆسیس (hypnosis): ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێ ڕێگا بۆ ئارام کردنەوەو لەبیرکردنی ئازار ، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ ، داخستنی دەرگاو پەنجەرە ، دروست کردنی کەشێکی بێ دەنگ ...
-- بینینی ھەندێ دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە : سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان ، سەیرکردنی ھەور لە ئاسماندا ، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئەو ستریس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە ھۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین ..وە ئارام بەخشن ...
-- میدیتەیشن و ێۆگا : ئەمانە ھەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارام کردنەوەی بیر و ھۆش ، و نەھێشتنی ستریس و بێزاری ...
-- دانانی دەفتەری بیرەوەری ، بۆ نوسینەوەی ستریس و بێزاریەکانت چەند سەعاتێک پێش نووستن ، بۆ ماوەی ١٠-١٥ خولەک و بەجێھێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت ، ھەر جارێکیش بە بیرت ھاتەوە ئەبێت خۆت دڵنیا کەیت کە بەیانی کاتی تەواوت ھەیە بۆ بیرکردنەوە لێی ...
٣- دروست کردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام :
-- بەکارھێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو ، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاووبوونەوەی ماسولکەکان دەدات ...
-- بەکارھێنانی دۆشەکی تەندروست کەنەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم ...
-- کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوەو نەھێشتنی کەم خەوی ...ھەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات ....
٤- بەکارھێنانی دەرمان : ھەنێک جار پزیشک ناچار دەبێت ھەندێک دەرمان بەکاربھێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن وەنەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە ھیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بێنێت وەکو :
** ئازارشکێنەکان : وەکو ئەسپرین ، ڤوڵتارین ، پڕۆفین ..ھتد ..
** ماسولکەخاوکەرەوەکان ..
** ھێورکەرەوەکان یاخود دژە پەرکەمەکان ھەندێ جار بەکار دەھێنرێن ...
** نارکۆتیکەکان : کە ئەمانە تەنیا دوای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن ، لەبەرئەوە دەبێت ھەتا ئەتوانرێت بە دوور بین لێیان ...
** ھەندێ دەرمان ھەن خەولێخەرن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ حەساسیەت بەکار دەھێنرێن ( ئەنتی ھستامینەکان )...
** میلاتۆنین :
کە بەشێوەی کەپسولی تەواوکەر (supplement )ھەیە
کە ئەمیش ئەو ھۆرمۆنەی تیادایە کە یارمەتی زوو خەو لێخستن ئەدات ...
ھەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەگرێت و ئەبێتە ھۆی شەونخوونی و کەم خەوی بۆیە باشترە ھەمیشە ئەو ڕێنماییانە پەیڕەو کەین کە دەبنە ھۆی کەم کردنەوەی ئازار .

زۆرترین خوێندراو