به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی: له‌ ڕۆژانی داهاتوو ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

20.02.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی پێی وانییە جارێکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی رابگەیێندرێتەوە.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند بەپێی هەڵسەنگاندنی بەشێک لە پزیشکانی بواری ڤایرۆسناسی و نەخۆشییە گوازراوەکان، لە مانگی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکە سەرهەڵدەداتەوە.
بە وتەی د. سەباح هەورامی، لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی تووشبووان ژمارەیەکی "زۆر کەمە ئەوانەی تووش دەبن زیاتر لە 50٪ـیان ئەوانەن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێنەوە سلێمانی. ژمارەی تووشبوون کەمە و مردن هەر زۆر زۆر کەمە". 
لەبارەی دۆخی پارێزگای سلێمانیش، سەباح هەورامی وتی، "رەشبین نیم، پێموایە وەکو ساڵی رابردوو تووشی کارەساتی گەورە نابین، پێویستی بە ترس و دڵەڕاوکێ نییە، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە نەماوە، چەند رۆژێکی دیکەش ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق. دانیشتووانی پارێزگای سلێمانیش زیاتر لە نیوەیان بەرگریی بەکۆمەڵیان پەیداکردووە دژی ڤاکسینەکە، ئەوەش وەک ئەوەیە ڤاکسینیان وەرگرتبێت". 
د. سەباح هەورامی باسی لەوە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی جێگەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان هەبێت، رێکاری تووند ناگرنەبەر، "تاوەکو جێگەی نەخۆش هەبێت، چارەسەریان دەکەین، چونکە ئەمە پرۆسەیەکە ناوەستێت". 
پلانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە وتەی، د. سەباح بۆ شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ئەوەیە کە لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گفتوگۆیان کردووە کە پلانەکە بدەنە دەست تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانیان بۆ دەستنیشان بکەن. سەباح هەورامی دەڵێت، "پێم وانییە شەپۆلەکە زۆر بەهێز بێت".

زۆرترین خوێندراو