سووریا هاوكاری ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێته‌ لوبنان

25.03.2021
جەماوەر نیوز
سەرباری کێشە ناوخۆییەکان لەڕووی سیاسی و سەربازیی و مرۆییەوە، حکومەتی سووریا بڕیاری داوە هاوکاریی کەرتی تەندروستیی لوبنان بکات و ئۆکسجینیان بۆ دابین بکات.
وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاندووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بڕیاری داوە 75 تۆن ئۆکسجین بۆ لوبنان بنێرێت و ئەو بڕە ئۆکسجینەش بە سێ رۆژ بنێرێت.
لوبنان بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا رووبەڕووی کورتهێنانی ئۆکسجین بووەتەوە لە نەخۆشخانەکانیدا و بەهۆی کێشە دارایی و ئابوورییەکانیشیەوە ناتوانێت ئۆکسجینی تەواو بۆ نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا ئامادەبکات.
وەزارەتی تەندروستیی سووریا رۆژی چوارشەممە 24ی ئازاری 2021 بڵاویکردووەتەوە، کە یەکەم باری ئۆکسجین کە 25 تۆنە نێردراوەتە لوبنان و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، ئەو ئۆکسجینە دیارییەکی تایبەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریایە بۆ لوبنانییەکان کە وەڵامی پێداوسیتییە مرۆییەکانی لوبنانی داوەتەوە.
ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە لوبنان گەیشتووەتە 448 هەزار کەس و نزیکەی شەش هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
ناردن ئۆکسجین لە سووریاوە بۆ لوبنان لەکاتێکدایە، کە سووریا لە رووی دۆخی مرۆییەوە یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکانی جیهان، بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتووەکانیش نزیکەی 20 ملیۆن سووری پێویستییان بە هاوکاری سەرەتایی هەیە.
هەروەها بۆ دابینکردنی ڤاکسینیش سووریا چاوەڕێی پرۆگرامی کۆڤاکسی جیهانییە بۆ بەخشینی ڤاکسین بە وڵاتە هەژارەکان و بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا یەکەم باری ڤاکسینی تایبەت بەو پرۆگرامە جیهانییە بگاتە سووریا.

زۆرترین خوێندراو