بایدن كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان به‌ جینۆساد ده‌ناسێنێت

24.04.2021
جەماوەر نیوز
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەمڕۆ ئیدارەی بایدن راگەیێندراوێکی تایبەت لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە بڵاودەکاتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە چاوەڕێ دەکرێت بایدن وەکو یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژییەکە بەفەرمی بە جینۆساید بناسێنێت. 
100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکی کراوەدا داوایان لە بایدن کردووە لەم یادەدا رووداوەکە بە  فەرمی و بە وشە  بە جینۆساید ناوببات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی 2019 لە دانیشتنێکدا کۆمەڵکوژییەکەی بە دەنگی 405 ئەندام بە فەرمی بە جینۆساید ناساند. هەروەها لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندیکرد. 
دوای پەسندکردنی بڕیارەکە بۆب فێرناندز، سیناتۆرێکی سەر بە دیموکراتەکان، دەستی بە گریان کرد و گوتی: "سوپاسگوزارم ئەم بڕیارە پەسندکرا، لەکاتێکدا کە هێشتا رزگاربووانی رووداوەکە ماون... دەتوانین ببینین کە ئەنجوومەنی پیران دانی بەوەدا نا ئەوان بە چ دۆخێکدا تێپەڕیون."
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێن، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان رووداوێک بووە و روویداوە و پێویستە سەرۆکی ئەمریکاش دوای هەنگاوی کۆنگرێس بکەوێت و بێدەنگی واشنتن لە بەرامبەر ئەو کارەساتە بشکێنێت.
ئەرمەنییەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان کەمتر لە نیو ملیۆن کەسە، لە ئەمریکاوە دەستیان بە لۆبییەکی فراوان کردووە بۆئەوەی کۆمەڵکوژییەکەیان بە جینۆساید بناسێنرێت. 
جۆ بایدن لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا کە هەڵوێستێکی تووند دژی تورکیا بگرێتە بەر، ئەوەش لە بەرامبەر کڕینی سیستەمی ئێس 400ی رووسی و سیاسەتەکانی لە لیبیا و سووریا، هەروەها وەک ئەو باسیکرد، کەمبوونەوەی بنەماکانی دیموکراسی لە تورکیا یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گرتنەبەری هەڵوێستێکی تووندە دژی وڵاتەکە. 

زۆرترین خوێندراو