له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ڕونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

22.05.2021
جەماوەر نیوز

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای کرد، سبەی لە کەرکووک ژووری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێت.
لیوا تەحسین خەفاچی، وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان راگەیاند: "بڕیارە سبەی یه‌ك شه‌ممه‌ ژووری هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک دروست بکرێت و کۆبوونەوەکانی دەست پێ بکات، کە ئامانجی سەرەکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیە لە ناوچەکەدا".
وتیشی: "ئێمە لە دیالە ژووری هەماهەنگیمان دروست کردو و سەرکەوتوو بووین، لە کەرکووکیش سبەی کۆبوونەوە دەکەین، نوێنەری پێشمەرگەش لە ژوورەکە ئامادە دەبێت".
لیوا تەحسین، ئاماژەی بەوەشکرد: "کاری ژوورەکە لەسەرەتادا ئاڵوگۆڕی زانیارییە و قسەکردنە لەسەر زانیاری هەواڵگری لەبارەی چەکدارانی داعشەوە، کە ئامانجی هەمووانە پێکەوە رووبەڕوویان ببینەوە".

له‌لایه‌كی كه‌وه‌ لیوا قارەمان کەمال جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە  دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ شاری کەرکوک رەتکردەوە و دەربارەی جموجوڵەکانی ئەم دواییەش وتی، "ئەوەی هەیە لە پێشووتر بریار درابوو شەش ژووری ئۆپراسیۆن درووست بکرێت کە دوانیان لە بەغداد و هەولێربن، هەر ئەوکات درووستکرا بەس چوارەکەی دیکەیان لە خانەقین و کەرکوک و موسڵ و مخمور درووست نەکرا بوون".
وتیشی، "ئەم هەفتەیە دەست بەکار دەبن و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە ئەفسەرەکانی پێشمەرگە دەچنە کەرکوک و مەخمور و موسڵ و لە دیالەش ڕۆشتوون".
سەبارەت بە هۆکار بەدروستکردنی ئەم ژورەهاوبەشانەش وتی، "مەبەست لێی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەیە کە هەیە و داعش چالاکی ئەنجامدەدات".


زۆرترین خوێندراو