سبه‌ی چوار وه‌زیر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌ده‌بن

24.05.2021
جەماوەر نیوز
سبەی سێشەممە 25ی ئایاری 2021 پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چوار وەزیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەسەر تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن دەکەن.
سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان راگەیاند: "سبەی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و تەوەرەیەکی تایبەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن، لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت".
روونیکردەوە: "ھەر یەک لە رێبەر ئەحمەد وەیزیری ناوخۆ، پشتیوان سادق وەزیری  ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان، خانزاد ئەحمەد  ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن".
ئەم وەزیرانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی راپۆرتێک گفتوگۆ لەبارەی تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن دەکەن و وەڵامی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتاران دەدەنەوە.

زۆرترین خوێندراو