وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم: پێویسته‌ سیسته‌می هاتووچۆ پێداچوونه‌وه‌ی پێدابكرێت

07.06.2021
جەماوەر نیوز
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د،وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووینه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆمان له‌ باره‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی كردووه‌‌، كه‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ی ده‌رچووه‌ و له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌، رێنمایی پێویست له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رچووه‌ بۆ رێكخستنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی و ده‌ستبه‌كاربوونی ستافی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
وتیشی: "بۆ لیژنه‌كه‌مان روونكرده‌وه‌، كه‌ بۆ هه‌مواری یاسای ژماره‌ 16ی ساڵی 1993 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك، لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌، تا له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت، هه‌روه‌ها بۆ هه‌مواری یاسای ژماره‌ی 18ی ساڵی 2011ی تایبه‌ت به‌ خانه‌نشینی، پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، گفتوگۆی زۆری له‌سه‌ر كراوه‌، پڕۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تاووتوێ ده‌كرێت".
وه‌زیری ناوخۆ روونیكرده‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر زوو هه‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ سیسته‌می هاتووچۆ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی پێدابكرێت، رێكاره‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی شوفێریش له‌ پارێزگایه‌ك بۆ پارێزگایه‌كی دیكه‌ جیاوازی هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌شێك بووه‌ له‌ گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوخۆ.
سه‌باره‌ت به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پارتی یه‌كه‌ی 80ی خستووه‌ته‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئومێد ده‌كه‌ین، برایانمان له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن و یه‌كه‌ی 70ش بێته‌ ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاسانتره‌ له‌ یه‌كه‌ی پاسه‌وانی.

زۆرترین خوێندراو