بایدن : کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌رێنى و باشمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى تورکیا ئه‌نجامداوه‌

14.06.2021
جەماوەر نیوز
سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌رێنى و زۆر باشى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى تورکیا ئه‌نجامداوه‌ و تاوتووێى چۆنیه‌تى هه‌نگاونان به‌ره‌و پـێشه‌وه‌یان کردووه‌ له‌ ژماره‌یه‌ک بابه‌تدا.

جۆو بایدن رۆژى دووشه‌ممه‌ له‌ په‌راوێزى کۆبوونه‌وه‌کانى ڕێبه‌رانى ناتۆ له‌ پرۆکسل، له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌درۆغان کۆبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆکه‌ له‌وه‌تاى بایدن له‌ پـۆستى سه‌رۆکى وڵاتدایه‌.

بایدن له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى گوتى ئه‌مه‌ریکا و تورکیا ئه‌جینداى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ وه‌ تیمى هه‌ردوو وڵات درێژه‌ به‌ گفتوگۆکانیان ده‌ده‌ن.

پـێشتر ئه‌درۆغان وتى وتووێژێکى ڕاشکاو و زۆر باشى له‌گه‌ڵ بایدن ئه‌نجامداوه‌. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد هیچ کێشه‌یه‌ک نیـیه‌ له‌ نێوان تورکیا و ئه‌مه‌ریکا نه‌توانرێت تێپه‌ڕبکرێت.

سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیـیه‌که‌ى باسیشى له‌ کۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ى له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پـوتن سه‌رۆکى ڕووسیا له‌ جنێڤ کرد که‌ بڕیاره‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌بچێت. وتى له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ هێڵه‌ سووره‌کانى خۆى بۆ پـوتن ده‌ستنیشان ده‌کات.

وتیشى ئه‌مه‌ریکا نایه‌وێت بکه‌وێته‌ ناکۆکیـیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ربێت و ڕووسیا له‌ کاره‌ خراپه‌کانى به‌رده‌وامبێت ئه‌وا ئه‌مه‌ریکاش وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.

دووپاتیشى کرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا پشتیوانى له‌ یه‌کپارچه‌یى خاکى ئوکرانیا ده‌کات و ناتۆش پشتیوانى له‌ یه‌کپارچه‌یى و سه‌روه‌رى ئوکرانیا ده‌کات.




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ