ته‌ندروستی هه‌ولێر ده‌نگوێك له‌سه‌ر تێكچونی ڤاكسینی فایزه‌ر ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

17.07.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر رایگەیاند ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە کە باس لە تێکچوونی ڤاکسینی فایزەر دەکەن بەهۆی بڕانی کارەبا. جەختیشی کردەوە بەمزووانە بنکەی زیاتری پێدانی ڤاکسین لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێنەوە.
د. سەرهەنگ جامباز، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر راگەیاند: "ئەو دەنگۆیە راست نییە کە باس لە تێکچوونی ڤاکسین دەکات، هیچ جۆرە ڤاکسینێک تێکنەچووە، کارەبا لەسەر ڤاکسین نەکوژاوەتەوە، هەروەها ئەو ڤاکسینە لەژێر چاودێری کۆمپانیای بەرهەمهێن دێت، لێرەش لەگەڵ ئێمە چاودێری ڤاکسین دەکەن".
ئاشکراشی کرد: "لەم هەفتەیەوە، ژمارەی ئەو ڤاکسینی جۆری فایزەر کە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت، بۆ ئەمەش پێنج بنکەی دیکەی تەندروستیمان لەناو هەولێر ئامادە کردووە، لە دەوروبەریش شوێنی دیکەمان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڤاکسین هات کێشەی شوێنمان نەبێت".
د. سەرهەنگ، ئاماژەی بەوەشکرد: "ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا رۆژ دوای رۆژ لە زیادبوونە، ئێستا ئامادەکارییمان دەستپێکردووە، بۆ دابینکردنی شوێن بۆ چارەسەری تووشبووان".

زۆرترین خوێندراو