وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ باره‌ی جینۆسایدی ئیزدییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

03.08.2021
جەماوەر نیوز

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ڕاگه‌یه‌نراوێكی به‌بۆنه‌ی حه‌وته‌مین ساڵڕۆژی جینۆسایدكردنی ئیزدییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ " لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان:

بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا
کەسوکاری سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی
٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.
لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ تیرۆریستانی رێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش )شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە، سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنرا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە. لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی (٣٦٠) هەزار لە دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
خەڵکی خۆڕاگری شنگال و دەورووبەری..
داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتە بەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، کەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید.
دایکانی جگەر سووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی..
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە هەمانکاتدا کاری جددی کردووە بە ئامانجی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی باڵای حکوومی پێکهێناوە بە ناوی (لێژنەی باڵای به جينۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر )، هەروەها بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تیمی هەماهەنگی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی عێراق بە مەبەستی کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
لەم یادە دا ستایشی دەرکردنی بڕیاری(٢٣٧٩)ی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٩/٨/٢٠١٧ تایبەت بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی دەکەین بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق، ناسراو بە یونیتاد ، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەکانی هەردوو پەرلەمانی( بەلجیکا و هۆڵەندا)ش دەکەین کەلەم دواییانەدا وەکو دوو وڵاتی ئەورووپی ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساند، لەگەڵ ئەو ولاتانەش کە پێشتر ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساندووە، یا خود کاری لەسەر دەکەن. جێگای ئاماژە پێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگی وەزارەتمان رۆژی ٣ی ئابی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە، بەڵام دیارە ئەمساڵ بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر پابەند بوونمان بە ڕێنماییە تەندرووستییەکانەوە هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی لە سەر ئاستی باڵا بەڕێوە ناچێت، ئەمەش لە پێناوی زیاتر سەلامەتی هاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانیانی ئەم جینۆسایدەیە.
لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبوان و رزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، کە بەو هەنگاوانەش ئومێد دەکرێت بە شێک لە ئازاری لە بن نەهاتووی ئێزدییەکان سارێژ بکەین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ خۆیان و دەڤەرەکەیان بگەڕێنینەوە.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئێزدییەکان
سڵاو لە خۆراگری کەسوکاری جینۆساید کراوانی کوردانی ئێزدی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
٣/٨/٢٠٢١


زۆرترین خوێندراو