وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

25.08.2021
جەماوەر نیوز

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفاكراوان بە بۆنەی ٣٣مین ساڵیادى دوا قۆناغى شاڵاوى بەدناوى ئەنفال ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بە ئەرکی مرۆیی خۆی هەڵستێ، لە هەمانکاتیشدا داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵیش دەکەین کە بە ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێ کە بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو لە چوارجێوەی ماددەی ١٣٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا".

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان:
بە بۆنەی ٣٣مین ساڵیادى دوا قۆناغى شاڵاوى بەدناوى ئەنفالدا
دوا قۆناغی کارەساتباری ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان رۆژی ٢٥ی ئاب بوو، سى و دووساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژى ٢٥/٨/١٩٨٨ ڕژێمى بەعسى لەناوچوو لە عێراق، لە درێژەى شاڵاوەکانى بەدناوى ئەنفالدا و دواى حەوت قۆناغى بەرنامە بۆ داڕێژراوى تاوانى قڕکردن و جینۆسایدى گەلى کوردستان ، دەستى ڕەشى گەیاندە بادینان و قۆناغى هەشتەمى ئەو تاوانە قێزەونەى لەو سنوورە ئەنجامدا .
قۆناغی هەشتەمی ئەنفال کە بەیەکێک لە دڕندانەترین کردەوەکانی رژێمی بەعس دادەنرێت تا رۆژی ٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو و رژێم لە هیچ تاوانێک بۆ قڕکردنی ژنان و پیاوان و بگرە منداڵانی بادینانیش سڵی نەکردەوە و دوای گواستنەوەیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق، بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵی کردن.
گەواهیدەرانی مێژوو دەزانن کە لە ئەنفالى بادیناندا جگە لە زیندەبەچاڵکردنی دەیان هەزار مرۆڤى بێتاوان و بێسەروشوێنکردنیان، دەیان گوند و ئاوایى خاپوور کران و بە کیمیابارانکردنی ناوچەکەش دەرفەتی ژیان بۆ هیچ دانیشتوویەکی دەڤەرەکە نەهێڵرایەوە و بە ناچاری ئەوانەی لە چاڵەڕەشەکانی رژێم رزگاریان ببوو بۆ کۆمەڵگاکانی زۆرەملی لە سنوورى هەولێر و دەوروبەری گواسترانەوە و سیاسەتی قڕکردنی گەلەکەمان لە لایەن رژێمی لەناوچووەوە بەوە کۆتایی نەهات، بەڵکو ئەمجارەیان بە جۆرێکی تر سیاسەتی برسی کردن و قڕکردنی گەلەکەمان لە کۆمەڵگا زۆرەملییەکاندا بەردەوام بوو.
لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالدا جیاوازی لە نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگادا نەکرا و رژێمى بەعسى رووخاو هەموو پێکهاتە و ئایین و ئاینزاکانی کردە ئامانج و تاوانێکى بێ وێنەى لەمێژووى مرۆڤایەتیدا ئەنجامدا .
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە پاش ٦٠ دانیشتنی دادگایی لەسەر کەیسی ئەنفال دواجار لەسەر بنەمای سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەکانی دادگا و وتەی شایەتحاڵەکان و لە ژێر رۆشنایی ڕێکەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان گەیشتە ئەو باوەڕەی کە پڕۆسەکانی شاڵاوی بە ناو (ئەنفال) جینۆسایدە. هەر بۆیە کۆی پڕۆسەکەی بە جینۆساید ناساند و سزای یاسایی بەسەر ئەنجامدەرانیدا سەپاند.
لە کاتێکدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بە ئەرکی مرۆیی خۆی هەڵستێ، لە هەمانکاتیشدا داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵیش دەکەین کە بە ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێ کە بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو لە چوارجێوەی ماددەی ١٣٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
ئێمەش وەکوو وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.
بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەکانمان لە مەرگەساتەکاندا و بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان ئەو یادە کارەساتبارانە دەکاتەوە، لە ئێستادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ زیاتر پابەندبوونمان بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی لایەنی تەندروستی و بۆ پاراستنی زیاتری گیانی کەسوکاری شەهیدان لەمساڵدا هيچ بۆنەو مەراسیمێکى فەرمی بەڕێوە ناچێ و تەنها لەڕێی بەیاننامەو کەناڵە میدیاییەکانەوە يادو یادەوەری ئەو شەهیدانەمان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.
لە کۆتاییدا جارێکیتر سەرى ڕێز و نەوازش بۆ گیانى شەهیدان و قوربانیانى غەدر و تاوانى ئەنفالى بادینان و سەرجەم شەهیدانى کورد و کوردستان دادەنەوێنین .
نەمریی بۆ شەهیدانی جینۆساید
شکۆمەندیی بۆ کەسوکارە هەمیشە سەربەرزەکانیان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
٢٥/٨/٢٠٢١


زۆرترین خوێندراو