عێراق و تۆتاڵ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی چوار پرۆژه‌ ڕێكه‌وتن

06.09.2021
جەماوەر نیوز
حکومەتی عێراق و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری نەوتی جیهان (تۆتاڵی فەرەنسی) رێککەوتنیان لەسەر جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە عێراق واژۆ کرد.
وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵ رایگەیاند، ئەوە گەورەترین رێککەوتنە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی لە عێراق واژۆکرابێت، بە جۆرێک ئەو چوار پڕۆژەیەی رێککەوتنی لەسەر کراوە پارەداری دەکات. 
وتیشی کۆمپانیای تۆتاڵ بە قەبارەی 27 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو پڕۆژانە دەکات، ئەوەش بە واتای گەشەپێدانی بەردەوام و رەخساندنی دەرفەتی کار دێت.
 ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانی تۆتاڵ 9 مانگی خایاندووە و 20 وۆرک شۆپ رێکخراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆمپانیای تۆتاڵ چوار پڕۆژە بە بەهای 27 ملیار دۆلار جێبەجێدەکات، کە قازانجەکەی لە دەیەی داهاتوو 95 ملیار دۆلارە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار دیاریکراوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئامانج لەو رێککەوتنە، بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکانە لە یەدەگی نەوت و گاز و سامانی ئاو بە باشترین شێوە، هەروەها سەقامگیریی دابینکردنی وزەی کارەبا لە وڵات.
گرێبەستەکە لە چوار پڕۆژە پێکهاتووە:
یەکەم- پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی لە باشووری عێراق و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە 85 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
دووەم- دامەزراندنی کۆمەڵگەی گازی ئەرتاوی بە توانای 600 ملیۆن پێ سێجا کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی گازە بە هەدەردراوەکانی کێڵگەکانی نەوتە، ئەوەش وادەکات هاوردەکردنی گاز لە وڵاتانی دراوسێ کەمبێتەوە،  بەرهەمهێنانی چڕکراوەکان بگاتە 12 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ، بەرهەمهێنانی گازی شلکراوەش بگاتە 3000 هەزار تۆنی رۆژانە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ.
سێیەم- پڕۆژە، بریتییە لە دابینکردنی ئاوی دەریا و دامەزراندنی هێڵی تۆڕی ئاو بە توانای 5 ملیۆن بەرمیل ئاوی رۆژانە، کە بە توانای 7.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە ئاو بۆ کێڵگەکانی نەوت دەگوازێتەوە و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە.
چوارەم- پڕۆژەی، دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، کە تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا سەدا 45 کەمترە بە بەراورد بە بەرهەمهێنانی وزە لە وێستگە ئاساییەکان و کۆیە بەرهەمی کارەباش دەگاتە 1000 مێگاوات.

زۆرترین خوێندراو