نرخی نه‌وت نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 73 دۆلار

11.09.2021
جەماوەر نیوز
نرخی نەوت لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 73 دۆلار. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە لە دوای باهۆزی ئایدا هێشتا زۆربەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لە کەنداوی مەکسیک نەگەڕاونەتەوە سەرکار.
باهۆزی ئایدا زیانی زۆری لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا داوە و هێشتا 75٪ ی سەکۆ نەوتییەکان لە کەنداوی مەکسیک ناتوانن نەوت بەرهەمبهێنن کە بووەتە هۆکاری دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بەبڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانی ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای ساڵی 2019 وە.
لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوتی برێنت 1.47 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلیک بە 72 دۆلار و92  سەنت مامەڵەی پێوەکرا.نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1.58 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێک بە 69 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت و هەروەها بازاڕەکانی دیکە لەم هەفتەیەدا پاڵنەرێکی دیکەیان هەبوو. ئەوەش گفتۆگۆی تەلەفۆنیی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین بوو. شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیە گەشبینییەکی دروستکردووە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی یەکەم و دووەم زلهێزی ئابووریی جیهان گەرموگوڕتر بێت و ئەوەش گەشەی ئابووریی و بازرگانیی جیهانی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاتر دەبێت.

زۆرترین خوێندراو