بەریتانیا پشتگیریى له‌ هەرێمى کوردستان ده‌كات

12.09.2021
جەماوەر نیوز
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلولی 2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤد هەنت، کونسولى گشتیى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە. کونسولى گشتیى بەریتانیا ڕوونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد.
کارکردن بۆ فراوانکردنى بوارى بازرگانى و سەرمایەگوزارى و چالاکیى کەرتى تایبەت لەنێوان هەردوولادا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عیراق بەگشتى، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.

زۆرترین خوێندراو