قائیمقامی هه‌ولێر: له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی به‌نزین كراوه‌

15.09.2021
جەماوەر نیوز

رۆژی سێشەممە یەک ملیۆن لیتر بەنزینی بەغدا گەیشتە هەرێمی کوردستان، قایمقامی هەولێر راگەیاند، ئەو بەنزینەی لە بەغداوە دێت بە 650 دینار دێت و 20 دینار رسومات وەردەگیرێت و بەنزینخانەکان بە 690 دینار دابەشی دەکەن.

دەشڵێت "بەنزینەکە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و دەست بە دابەشکردنی کراوە."
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر وتی، هاتنی ئەو بەنزینە یەکێکە لە هەنگاوەکان، هەنگاوی دیکەش هەن لەوانەش جێگیرکردنی نرخی بەنزین و باشترکردنی کوالیتیییەکەی.
سەبارەت بەو بڕە بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا، قایمقامی هەولێر وتی "بڕی ئەو بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 80 هەزار لیترە. بەشی هەولێر 360 هەزار لیترە و بەنزینەکەش بۆ پارێزگاکانی دیکەی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هاتووە و دەست بە دابەشکردنی کراوە."
بەوتەی قایمقامی هەولێر ئەو بڕە بەنزینە رۆژانە لەلایەن بەغداوە دێت، دەشڵێت "بڕی بەنزینەکە بەپێی ژمارەی دانیشتووان تەرخانکراوە کە دەبوایە بەپێی ئۆتۆمبێل تەرخانکرابووایە."
قایمقامی هەولێر سەبارەت بە نرخی ئەو بەنزینەی لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان گوتی "نرخی هەر لیترێک بەنزین کە دەگاتە هەرێمی کوردستان بە 650 دینار دێت و 20 دیناریش وەک رسومات دەچێتە سەری. بەنزینەکە بە 670 دینار دەدرێتە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە 690 دینار بە هاووڵاتیانی دەیفرۆشنەوە."
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت "هاتنی ئەو بەنزینە هەنگاوی یەکەمە، هەنگاوی دیکە هەیە ئەویش کردنەوەی دەروازەکانە بۆ هێنانی بەنزین، بەڵام بەو مەرجەی کە کوالیتییەکەی ئەو کوالیتییە بێت کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دیاری کردووە." 
قائیمقامی هه‌ولێر ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو "بڕیار دراوە بەرهەمی ناوخۆ زیادبکرێت و زۆر تەئکیدیش لەسەر کوالیتیی ئەو بەنزینە کراوەتەوە و رۆژانەش لەناکاو سەردانی چەند بەنزینخانەیەک دەکەین، هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت."


زۆرترین خوێندراو