كازمی داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌كان ده‌كات

15.09.2021
جەماوەر نیوز

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەبێت گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی عێراق کۆتایی بێت و نابێت هیچ کەسێک هەبێت بۆ داڵدەدانی ئەوانەی کە پارەی عێراقیان بردوەتە دەرەوە، "داواش لە وڵاتانی جیهان دەکەم هاوکاری عێراق بکەن بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لەکۆنگرەی بەغدا بۆ گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵی و بەتاڵانبردنی پارە نەخۆشییەکی راستەقینەیە کە کاریگەری لەسەر هەر کۆمەڵگایەک هەیە و پێویستە لەسەر هەر دەوڵەتێک مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە بەجدی و بەرپرسیارانە وەربگرێت، دان بەوەدا دەنێن کە ئەم نەخۆشییە دەیان ساڵە دۆخی عێراقی گرتوەتەوە، هەروەها ملیاران دۆلار دزراوە و بەقاچاخ براوە لە سایەی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشودا و هەروەها ساڵی 2003شەوە هەمان پرس بەردەوام بوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی لەسەرەتای دەستبەکاربونیدا ئامانجی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بوە، بۆیە لیژنەیەکی باڵایان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەهاوکاری وەزارەتی داد پێکهێناوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، هەنگاوی بوێرانە دەگرنەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و باوەڕیانوایە ڕێگا بۆ دەوڵەتێکی پێشکەوتو لە وڵاتێکی دێرینی وەک عێراق بریتییە لە چارەسەری نەخۆشییەکان بەهاوکاری گەل، بۆیە بڕیارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی گەڕانەوەیان نیە و بەردەوام دەبن.


زۆرترین خوێندراو