له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ ڕاناگه‌یه‌نرێت

18.09.2021
جەماوەر نیوز
لە رۆژی دەنگداندا هاتووچۆ قەدەغە ناکرێت و کارئاسانیش بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و بەتەمەنەکان دەکرێت تاوەکو دەنگبدەن.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 18-9-2021 رایگەیاند، "بە سەرۆکایەتیی فەریق عەبدولئەمیر شەممەری، لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن پێکهێندراوە. پلانی ئەمنیی تایبەت بە رۆژی هەڵبژاردن دانراوە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان و گەیشتنی دەنگدەران بە ناوەندەکانی دەنگدان، پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان لەکاتی گواستنەوە و کۆگاکردنیان، بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێبگات یان بسووتێن".
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان ئامادەییان هەیە لەکاتی هەر کارێکی نەرێنی یان دەمەقاڵێ و هەر دۆخێکی لەناکاو وەڵامدانەوەی پێویستیان هەبێت؛ وتیشی، لەو هەڵبژاردندا هاتووچۆ قەدەغە ناکرێت، بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین دەنگدەر بتوانن بچنە ناوەندەکانی دەنگدان. 
هەر لەوبارەوە عەمید غالب عەتییە، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن رایگەیاند، کارئاسانی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەتەمەنەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەیێندرێنە ناوەندەکانی دەنگدان تاوەکو بتوانن دەنگ بدەن. 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ