محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: له‌ هه‌ڵبژاردندا ساخته‌كاری به‌ مه‌ركه‌زی كراوه‌

18.10.2021
جەماوەر نیوز
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود رایگه‌یاند بۆ كورد وا باشتره‌ له‌گه‌ڵ مالیكی بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ و سه‌در تره‌مپی عێراقه‌ و به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت میلیشیا و عه‌بادیش هه‌ناوی ره‌شه‌ و  درێژكراوه‌ی سیاسه‌تی ئینگلیزه‌.
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود له‌ دیدارێكی كوردستان24 له‌ باره‌ی ره‌وشی عێراقه‌وه‌ و پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، وتی: "ره‌وشی به‌غدا ره‌نگه‌ زۆر باش نه‌بێت و كابینه‌ی داهاتوو به‌ ئاسانی دانامه‌زرێت. دوو به‌ره‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریكا و سعوودییه‌یه‌ و به‌ره‌ی دووه‌م سه‌ر به‌ ئێرانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كورد یه‌كڕیزی پێویسته‌ و ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌نگ بێت، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌هێزتر ده‌بێت".
وتیشی: ده‌ستپێكردنی دانووستانی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌ردانی لایه‌نه‌كان،‌ له‌ كاتی خۆیدا بوو و هه‌نگاوێكی گرنگ بوو.
له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، فازڵ میرانی سه‌ردانیان كردبوو، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود وتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا باس له‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و پێویسته‌ كورد ژیرانه‌ بڕواته‌ به‌غدا و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌و به‌رانه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ كورد به‌رگه‌ی ململانێی له‌و جۆره‌ نه‌گرێت.
هه‌روه‌ها وتی: یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌سته‌به‌ری سه‌ركه‌وتنی كورد ده‌كات، موقته‌دا زیاتر له‌ 70 كورسی هێناوه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ زیاتر له‌ 90 كورسییان هه‌یه‌ و بڕیاره‌كانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ دێن و پێویسته‌ كورد نه‌چێته‌ ململانێی به‌ره‌ ناكۆكه‌كانی سعوودییه‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌ لایه‌ك و ئێران له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كورد پێویسته‌ بۆچوونی هه‌بێت له‌ باره‌ی پرسی سه‌رۆك وه‌زیران و ئێستا كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌.
به‌ رای محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود بۆ كورد وا باشتره‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی مالیكیدا بچێته‌ ناو پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ و چوار خاڵی له‌ باره‌ی مالیكییه‌وه‌ خسته‌ڕوو.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانی مالیكی له‌م چوار خاڵه‌دا پوخت كرده‌وه‌ و وتی: یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر مالیكی واژووی له‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی سه‌دام نه‌كردایه‌، ئێستا سه‌دام له‌ ئوردن بوو یان له‌ ئه‌مه‌ریكا. دووه‌م: له‌ كاتی مالیكیدا پاره‌ی مادده‌ی 140 دراوه‌. سێیه‌م: ئه‌گه‌ر مالیكی سوپای مه‌هدی نه‌شكاندبا، ئێستا ده‌ستیان به‌سه‌ر عێراقدا گرتبوو. چواره‌م: مالیكی نه‌هاتووه وه‌ك عه‌بادی پێشمه‌رگه‌ بشێلێت به‌ تانكی ئه‌مه‌ریكی.
له‌ باره‌ی موقته‌دا سه‌دریشه‌وه‌، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌در گرت و گوتی: موقته‌دای سه‌در هاوشێوه‌ی تره‌مپی ئه‌مه‌ریكایه‌ و هه‌ر سه‌عاتێك قسه‌یه‌كی هه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌ بڕینی بودجه‌ له‌ لایه‌ن مالیكییه‌وه‌، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گوتی: ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كورد خۆی چوونه‌ به‌غدا و داوایان له‌ مالیكی كرد و پێشنیازیان كرد، بودجه‌كه‌ ببڕێت، راسته‌ مالیكی هێزی هه‌بوو، به‌ڵام له‌شكركێشی نه‌كرد و ئاماده‌ نه‌بوون شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی گوت: مالیكی دامه‌زراوتره‌ و دوو خول سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ و ئه‌زموونی هه‌یه‌ و پیاوێكی هه‌ڵچووش نییه‌ وه‌ك عه‌بادی.
دووپاتیكرده‌وه‌، سه‌در ناتوانێت عێراق به‌ڕێوه‌ به‌رێت و  سه‌در وه‌ك هه‌ندێك باڵنده‌ وایه‌، كه‌ كاتێك به‌ رێگه‌دا ده‌ڕوات به‌ باڵ ده‌ڕوات و هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن هه‌ر بۆ ئۆپۆزیسیۆن باشن و ناتوانن ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن و موقته‌دا دژی كورد ده‌بێت و پیاوی به‌ڕێوبردنی عێراق نییه‌.
له‌ باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌گیرێن، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود  وتی: ئه‌مجاره‌ ساخته‌كاری به‌ مه‌ركه‌زی كراوه‌ و خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و ره‌نگه‌ ساخته‌كارییه‌كه‌ مه‌ركه‌زی بووبێت و ده‌وترێت له‌ رێی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ بووه‌. هه‌موو لایه‌نه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ده‌نگیان وه‌ك پێویست نه‌هێناوه‌. راسته‌ خه‌ڵك سزای داون، به‌ڵام ره‌نگه‌ ساخته‌كاریش كرابێت و ئه‌مجاره‌ ساخته‌كارییه‌كه‌ له‌ عێراق نه‌كراوه‌ و رێككه‌وتن بووه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق كراوه‌.
له‌ باره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادیشه‌وه‌، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود  نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ عه‌بادی هه‌یه‌ و رای وا بووه‌ كورد له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێشوازی له‌ عه‌بادی نه‌كات و گوتی: عه‌بادی په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیایه‌ و له‌ پاشماوه‌كانی ریچ و بێڵ و مێجه‌ر سۆنه‌ و كه‌سێكی حاقید و هه‌ناو ره‌شه‌ و له‌ دوای سه‌دام حوسێن ته‌نیا عه‌بادی رووی سه‌دامی سپیكردووه‌ته‌وه‌ و عه‌بادی تاوانباره‌ و خوێنی پێشمه‌رگه‌ی رشتووه‌ و به‌ تانكی ئه‌مه‌ریكایی پێشمه‌رگه‌ی شێلاوه‌ و نه‌ده‌بوو كورد پێشوازی له‌ عه‌بادی بكات.

زۆرترین خوێندراو