له‌ هه‌رێمی كوردستان نرخی به‌نزین داده‌به‌زێت

25.10.2021
جەماوەر نیوز
لەسەر نرخی ئەو بەنزینەی کە دەگاتە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، نرخى هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 650 دینارە لە پاڵاوگەکان و نرخى کرێى گواستنەوە و کۆگاکردن و پشکنین و عەمولە و چەند وردەکارییەکى دیکەى 40 دینارە، "هەربۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبێ هیچ زیادەخستنەسەرێک بە 690 دینار لەنێو بەنزینخانەکان دەیفرۆشێتەوە بە هاووڵاتییان".
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان میکانیزمێکى بۆ دابەشکردنى بەنزینەکە داناوە لە بەنزینخانە ئەهلییەکان کە بە شێویەکى دادپەروەرانە و بە نۆرە دابەشدەکرێتە سەر بەنزینخانەکان و لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکى سامانە سرووشتییەکان چاودێریى دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەى دەکات تاوەکو "بە هیچ شێوەیەک پێشێلکارییەکى تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاووڵاتییان"، هەروەها ئەم مەرجانەش دیاریکراوە بۆ بەنزینخانەکان:

ـ هیچ بەنزینخانەیەک کە بەنزینى نۆرماڵى حکومەتى وەرگرت، نابێت بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت.
ـ بە هیچ شێوەیەک بەنزینە حکومییە ئۆکتان بەرزەکە تێکەڵ ناکرێت بە بەنزینی دیکەى نۆرماڵ.
ـ بە هیچ شێوەیەک دەستکارى بەهاى بەنزینەکە ناکرێت و بە شێوەى لافیتە بە ئاشکرا بەها حکومییەکەى دیارى کراوە.
فەتاح رەحمان حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان لەسەر بڕى دابەشکراوى ئەو بڕە بەنزینەی کە بەغدا ئێستا دەینێرێت، ئاماژەی بەوە کرد، "پێنج تەنکەر بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و سێ تەنکەری بۆ پارێزگای دهۆک و دوو تەنکەریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت، هەر تەنکەرێک 36000 لیتر بەنزینى جۆرى نۆرماڵ و ئەگەر بەنزینى هاتوو گەیشتە ملیۆن و هەشتا هەزار لیتر ئەودەم ئەم بڕەی پارێزگاکان دەبێتە دوو هێندە".
بە گوتەی بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، ئێستا رۆژانە بڕى 180 هەزار لیتر بەنزین دەگاتە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و 108 هەزار لیتر دەگاتە پارێزگاى دهۆک و 72 هەزار لیتریش بۆ پارێزگاى هەڵەبجە دەبێت و بە زیادبوونى بڕەکەشى بۆ ملیۆنێک و 80 هەزار، بڕى بەنزینى نێردراو بۆ هەر چوار پارێزگاکە دوو هێندە زیاد دەکات.


زۆرترین خوێندراو