پارێزگاری هه‌ولێر: ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن پێویسته‌ کارتی ڤاکسینیان ھەبێت

25.10.2021
جەماوەر نیوز
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوه‌.
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر رایگه‌یاند، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتیى شاره‌كه‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى کە به‌هۆى هەڵکشان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌،
گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-
یه‌كه‌م/ داوا لە هاووڵاتیانى شارەکەمان دەکەین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەى لە هۆڵى مزگەوتەکان، ماڵ، شوێنە گشتییەکان، بەبۆنەى یادى لەدایک بوونى فەخرى کائینات پیشەواى مرۆڤایەتى (محمەد)(د.خ) لە سەربێت ڕابگرن، لە هەولێرى پایتەخت ئەوەى پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لە ئەنجامدانى ڕێورەسم و یادکردنەوەى ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە ئەنجامدراوە، بۆیە داوکارین هاووڵاتیانی شارەکەمان پابەندبن بەم بڕیارەوە.
دووەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.  
سێیەم/ بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.
چواره‌م/ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك) و دروستنه‌كردنى گردبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ هاووڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌كى حكومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فەرمانگە و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچى له‌و بڕیاره‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌ و بەڕێوەبەرایەتییە به‌رپرسیارن.
پێنجەم/ ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و بنکەکانى پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن.
حەوتەم/ ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستەکارتی ڤاکسینیان ھەبێت.
هه‌شته‌م/ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 2021.12.1 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.
نۆیه‌م/ داوا ده‌كه‌ین هه‌روه‌ك چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوکارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانى خۆپارێزى.
دەیەم/ دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 2021.10.31 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
یازده‌یه‌م/ لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت، یاخود پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنى (هوتێل، هۆڵ، شوێنەکان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.
دوازدەیەم/ له‌ دواى بڵاوبوونەوەى ئەم ڕاگەیندراوە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، هێزه‌كانى پۆلیسى هاتووچۆى ڕاسپاردووە ڕێکارى تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانى بگرنەبەر کە پابەند نین بە ڕیکارەکانى خۆپارێزى و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەتایبەتى بەستنى (ماسک).
سێزدەیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بە ڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەک و کۆڵانێک هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و مەترسیەکان پەرەى سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، رێكاره‌كان توندتر دەکرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
چوارده‌یه‌م/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌ كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 25 له‌سه‌ر 26ى 10ی 2021 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

زۆرترین خوێندراو