کەتائیب حزبوڵڵا ھەڵوەشاندنەوەی باڵی سه‌ربازی خۆی راگەیاند

20.11.2021
جەماوەر نیوز
کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق لە وەڵامی بانگەوازەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، ھەڵوەشاندنەوەی باڵی سه‌ربازی خۆی راگەیاند.
بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵڵا، عەلی عەسکەری لە تویتێکدا نووسیوویەتی: " فەرماندەکانی کەتائیب حزبوڵڵا بڕیاریانداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنیی و ھەروەھا راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی".
ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی لە ساڵی ٢٠١٤دا بە ئامانجی شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لەلایەن کەتائیب حزبوڵڵا پێکھێنرا.
ئەبو عەلی عەسکەری راشیگەیاندووە کە چەکدارانی سەرایا بەرگریی مەدەنیی لەگەڵ چەک و تەقەمەنیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کراون و نووسیوویەتی: "ئەم بڕیارە لە وەڵامی یەکێک لە سەرکردە لایەنە دۆستەکان دراوە کە داوای کردووە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ھەڵبوەشێندرێنەوە".
دوێنێ ھەینی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی لیوای یەومولمەوعود سەربە رەوتی سەدر و داخستنی بارەگاکانی راگەیاند و ئەوەیش وەک نیشاندانی نیازپاکی لە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.

زۆرترین خوێندراو