سەرجەم دۆسیەی شەهیدان دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

24.11.2021
جەماوەر نیوز
دوای دەرچوونی پەیڕەوی دیاریکردنی مافی شەهیدان و ڕێنمایی گواستنەوەی دۆسیەی شەهیدان، لیژنەی پەیوەندیدار لەسەر ئاستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێکهێنران بۆ گواستنەوی دۆسیەکانی شەهیدانی هێزەکانی ( پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و دژە تیرۆر ) بەمەبەستی دابینکردنی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان .
لەپاش کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن ، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٣ / ١١ / ٢٠٢١ وەک قۆناغی یەکەم ۱۰۱٨دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە گواسترانەوە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند :گواستنەوەی دۆسیەی شەهیدان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان.
ڕوونیکردەوە : وەزارەتمان لایەنی پەیوەندیدارە بە پێدانی زانیاری درووستی میراتگیری سەربەرزی شەهیدان بە وەزارەتەکانی ( دارایی و ئابووری، خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە،تەندرووستی و شارەوانی گەشتوگوزار) بۆ ئەوەی ماف و ئیمتیازەکانیان وەک موچە و خوێندن و چارەسەری تەندرووستی و زەوی و شوێنی نیشەجێبوون دەستەبەر بکەین.
 وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاشیگەیاند لە داهاتوودا سەرجەم دۆسیەی شەهیدان دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان .

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ