پێشبینیده‌كرێت له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا لافاو له‌هه‌ولێر ڕووبدات

02.01.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت پڕۆژەی وەبەرهێنان هەبووە کە هۆکارێکی لافاوەکەی مانگی رابردوو بووە.
د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە ئەوە بووە کە بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا باریوە. راپۆرتی لیژنەکەیش وردەکاریی زۆری تێدایە. لەگەڵ ئەوەیشدا رێڕەوە ئاوییەکان پڕبوونەتەوە و کونی پردەکان گیراون و خەڵکیش خاشاکیان فڕێ داوەتە بەستەکانەوە. هاوکات پڕۆژەی وەبەرهێنان هەبووە کە هۆکارە و شارەوانی، گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە، نەخشەدانان و ئاو و ئاوەڕۆ هەموویان بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە داوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی لافاوەکانی هەولێر پێکهێنرا راپۆرتی خۆی بە وردەکاریی زۆرەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە و دەستیان لەسەر برینەکان داناوە، بەڵام تاوەکو ئەنجامەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رانەگەیێندرێن لەو بارەیەوە هیچ شتێک بڵاوناکرێتەوە.
د. عەلی رەشید ئەوەی خستەڕوو کە ئێستا دەست کراوە بە خاوێنکردنەوەی ئەو ئاوەڕۆ و بەستانەی روویان لە هەولێرە، چونکە ئەگەری هەیە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمیشدا لافاو رووبدات. 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەست بە دابەشکردنی کراوە و هەر بڕە پارەیەکی دیکەیش بێت دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکەن و، قۆناغی دووەمی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی یەکەم هێشتا تەواو نەبووە.
 

زۆرترین خوێندراو