پێنج زلهێزەکەی جیهان ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌ش بڵاوده‌كاته‌وه‌

04.01.2022
جەماوەر نیوز
پێنج وڵاتە زلهێزەکەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان، ناکۆکییەکانیان بەلاوەناو و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی دەگمەندا رایانگەیاند کە لەسەر رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری چەکی ئەتۆمی رێککەوتوون. 
ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا و چین، کە هەرپێنجیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێوەدەوڵەتین و پێکەوە کۆی گشتی 13 هەزار کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، "ئێمە بڕوایەکی پتەومان هەیە کە پێویستە رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکانە بگیرێت. جەنگی ئەتۆمی سەرکەوتنی تێدا نییە و هەرگیزیش نابێت رووبدات."
هەر لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە "ئێمە رێگریکردن لە دروستبوونی جەنگ لە نێوان وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و کەمکردەنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان بە بەرپرسیاریێتیی هەرە گەورەی خۆمان دەزانین."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکی گرنگدا دێت کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لەسەر پرسی ئۆکراینا گەیشتوونەتە ئاستی جەنگی سارد. 
هەروەها بەهۆی پرسی تایوان، دەریای باشووری چین، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و بازرگانی، گرژییەکانی نێوان رۆژئاوا و چینیش لە هەڵکشاندان. 
رووسیا و چین بە جیا گەشبینی خۆیان لە بەرامبەر ئەو رێککەوتنە هاوبەشە دەربڕی و هیوایان خواست ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی متمانە و رێگرتن لە دروستبوونی جەنگی ئەتۆمی. 
هاوکات هەر لە رۆژی دووشەممە، گەڕی هەشتەمی گفتوگۆکانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە ڤیەننا لەگەڵ ئێران بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیانپێکردەوە، کە ئامانجە بنەڕەتییەکەی رێگەگرتنە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە. 

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ