حكومه‌تی عێراق داواكارێك ئاراسته‌ی هه‌رێم ده‌كات

28.01.2022
جەماوەر نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو  مانگی ئاداری ئەمساڵ سەرجەم ژمێرە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لەگەڵ بەغدا پاکتاو بکات، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "85%ی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرکراون و تەنیا چەند شتێکی کەم ماون".
دەقی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پەیوەست بەو بابەتە كه‌ واژووی د.حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەرە، کە تێیدا هاتووە: بەپێی بڕیاری ژمارە 8ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2022، لەسەر پێشنیازێکی بەپەلەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە دوو لە 11/1/2022 بڕیار درا بە:

1- وەزارەتی دارایی بڕی 200 ملیار دینار بۆ شایستە دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی دووەم خەرج بکات.
2 - دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە داتاکانی تایبەت بە داهاتە دەستکەوتووەکانی نانەوتییەکان دەکات، ئەوەش بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان تاوەکو 1/3/2022 لە بری 1-12-2021.
خالید هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ساڵانی رابردوو و ئێستا. هەنگاوی باشمان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی ناوە.
خالید چاوشلی دەڵێت: "بە نووسراوی ژمارە دوو لە رۆژی 2/1/2022، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردەوە، کە لای خۆیانەوە هەریەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بڕگەی (ئەلف)ی مادەی 11ی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2021 جێبەجێ بکەن لەبارەی کۆی داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2021 لەسەر بنەمای بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا".
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "رۆژی 25/1/2022 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی داوەتەوە و سەرجەم  کۆتاژمێری بەهای نەوتی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق تاوەکو مانگی 12 لە رێگەی خشتەیەکی دیاریکراوەوە ناردووە".
چاوشلی گوتی: "ئەمە زەمینەیەکی زۆرباشە و کێشەیەکی گەورەی تەکنیکی لە یاسای بودجەی 2021 چارەسەر کردووە. ئەو هەنگاوە رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 پشکی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت". 
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وەک تێبینی لە کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکردووە بریتییە لە نەبوونی تەرازووی پێداچوونەوەی یەکگرتوو (میزان مراجعة موحدة) لە هەرێمی کوردستان، واتە رێکخستنی خەرجی و داهاتی وەزارەت و فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان؛ هەربۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (150) لە 9/1/2022 داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە، پەیڕەوی ئەو رێنماییە بکەن.
لە گشتاندنی ژمارە (2) بە نووسراوی 329 لە 16/1/2022 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، داوا لە گشت وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت دەکات کە تاوەکو رۆژی 1/2/2022 تەرازووی پێداچوونەوەی 31/12/2021 رەوانەی گەنجینەکان بکەن. بە هەمان شێوە، فەرمانگە مەڵبەندییەکان تەرازووی پێداچوونەوەی 31/12/2021 رەوانەی گەنجینەکان بکەن و بەپێچەوانەشەوە هەر فەرمانگەیەک دوابکەوێت پێشینەی مانگانەی لێ دەبڕدرێت.
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لە 2/1/2002 نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، داوایکرد یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019ی هەموارکراو لەهەرێمی کوردستان کاری پێبکرێت و گشت یاسا و پەیڕەوەکان و رێنماییەکانی دیکە رابگرێت، ئەمەش کاری نێوان رێکارە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق باشتر رێکدەخات".

زۆرترین خوێندراو