نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان له‌ كۆبونه‌وه‌دان

12.03.2022
جەماوەر نیوز
لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد. 
کاژێر 1:45 خولەک کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد.
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و دۆخى ئۆكراينا و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كرا.
وەک لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا "سوپاسى به‌شداريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ كۆڕبه‌ندى ديپلۆماسيى ئانتاڵيادا كرد" و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ توركيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ دۆخى سياسيى عێراق ده‌ڕوانێت.
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "ده‌ستخۆشى له‌ توركيا كرد بۆ هه‌وڵه‌كانى و كۆكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا و ئۆكراينا، هه‌روه‌ها هيواى خواست کۆتایی بە تەنگژەکە بێت و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو قەیرانە سەختە دەرباز ببێت و قوربانيى زياترى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌."
لەبارەی دۆخى عێراق، نێچيرڤان بارزانی جه‌ختى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، كرده‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو