بڕیارێك له‌باره‌ی نوێكردنەوه‌ی مۆڵەتی شۆفێری ده‌رده‌كرێت

18.04.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێی  لەبارەی نوێكردنەوەی ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری دەركرد. 
بەگوێره‌ی راگەیەندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل پێویستی بە ئامادەبوونی خاوەن ئۆتۆمبێلەكە یاخود كەسێكی رێگەپێدراو لە رێگەی یاساوە واتە بە (وەكالەت)ـی خاوەن ئۆتۆمبێلەكە دەبێت.
هاتووچۆی سلێمانی راشیگه‌یاند، له‌ داهاتوودا نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێویستی به‌ خاوەن مۆڵەتەكە دەبێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مۆڵەتەكە نوێ ناكرێتەوە و كارەكە جێبەجێ ناكرێت.
بە گوێرەی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ:" لەمەودوا هەر كەسێك بیەوێت مۆڵەتی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكەی نوێبكاتەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، پێویستە خۆی ئامادەبێت، یاخود كەسێكی رێگەپێدراو لە رێگەی یاساییەوە واتە بە وەكالەتی ئەو كەسە دەتوانێت مۆڵەتی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكە نوێبكاتەوە".
سەبارەت بە نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریش ئاماژە بەوەكراوە:" لەمەودوا بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، پێویستە خاوەن مۆڵەتەكە ئامادەبێت بۆ ئەوەی مامەڵەكانی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكەی بۆ ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی هیچ كەسێكی دیكە رێگەپێدراو نییە، لە جێگەی ئەو مۆڵەتەكە نوێبكاتەوە".

زۆرترین خوێندراو