شه‌پۆلێكی خۆڵبارین ڕووی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

19.04.2022
جەماوەر نیوز
ڕۆژی دووشەممە، 18ی نیسانی 2022، عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق راگەیاند بەپێی پێشبینییەکانمان لە شه‌وی سێشه‌ممه‌وه‌ شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، خۆڵبارینەکە بەهۆی نزمەپاڵەپەستۆیەک دەبێت، کە لە دوورگەی عەرەبییەوە دێت، تێیدا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. بای باشووری رۆژهەڵاتی کەم تاوەکو مامناوەند هەڵدەکات و خێراییەکەی لە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت."
ئەو بەرپرسەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق هۆشداریشی دا لەوەی خەڵک تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بن لە خۆپاراستن و بەستنی ماسک و هەتا بۆیان دەکرێت نەچنە دەرەوەی ماڵ و گەشت بۆ شارەکان نەکەن.
عامر جابری وتشی: "بۆ سێشەممە، 19ی نیسانی 2022، ئەو نزمە پاڵەستۆیە کاریگەر دەبێت بە بەرزە پاڵەپەستۆیەک کە لە دەریای ناوەڕواستەوە دێت و دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بە چوار بۆ پێنج پلە، خێرایی با لەنێوان 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، ئاستی بینین بۆ 3 بۆ 4 کیلۆمەتر و لە هەندێک ناوچە بەتایبەت لە باشووری عێراق بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە."
سەبارەت بە ماوەی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق وتی: "شەپۆلەکە رۆژی چوارشەممە تووندتر دەبێتەوە و ئاستی بینین کەمدەبێتەوە بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەو شەپۆلە بەگشتی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە کەم دەبێتەوە و کاریگەرییەکەی نامێنێت".

زۆرترین خوێندراو