500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کەرکووک سوودی لێوەرناگیرێت

22.04.2022
جەماوەر نیوز
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک راگەیاند وشکەساڵی و کەمی بارانباراین گوشارێکی زۆری لەسەر پارێزگاکە بەتایبەت سامانی کشتوکاڵی و ئاژەڵی دروستکردووە.
بە وتەی زوهێر عەلی، "بەهۆی وشکەساڵی، کەمی بارانبارین، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و خراپی خاکەوە، 500 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی پارێزگای کەرکووک کە پێشتر کشتوکاڵی بوو ئێستا سوودی لێوەرناگیرێت. ساڵی 2020 بڕی ئەو گەنمەی لە پارێزگای کەرکووک بەرهەمهات 600 هەزار تۆن بوو. لە ساڵی 2021 بەرهەمی گەنمی پارێزگای کەرکووک بۆ 200 هەزار تۆن کەمبووەوە، ئێستا بۆ ساڵی 2022 پێشبینیمان وایە تەنها 150 هەزار تۆن بێت؛ ئەوەش دەکاتە کەمبوونەوە و لەدەستدانی سامانێکی گەورەی کشتوکاڵی." 
بەهەمان شێوە سامانی ئاژەڵیش کاریگەر بووە بە وشکەساڵی. بەڕێوەبەری کشتوكاڵی کەرکووک باس لەوە دەکات، "پێشتر نزیکەی سێ ملیۆن سەر ئاژەڵی جۆراوجۆرمان لە کەرکووک هەبوو، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ دوو ملیۆن دابەزیوە و ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاکە دەبێت." 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گەرمبوونی زەوی و گۆڕانکارییەکانی دیکەی کەشوهەوا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک وتی، "ساڵ دوای ساڵ لە رووی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵییەوە عێراق کێشەی زیاتری بۆ دروستدەبێت و پێویستە چارەسەری دۆخەکە بکرێت."

زۆرترین خوێندراو