کامێرای تۆمارکردنی خێرایی ده‌درێته‌ کەرتی تایبەت

06.05.2022
جەماوەر نیوز
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی دانانی کامێرای تۆمارکردنی خێرایی لەسەر شەقامەکان پڕۆژەیەکە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 700 بۆ 800 کامێرا لەسەر شەقامەکان دادەنرێن، کامێراکانیش سەرەتا لە سلێمانی دادەنرێن.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەستی کردووە بۆ دانانی کامێرای چاودێریی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان بۆ سزادانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە حیساب خێرا دەڕۆن، گرێبەستەکە لە رۆژانی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتا لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و مانگانە نزیکەی 38 ملیار دینار داهات بە تەنیا بۆ حکومەت لە سلێمانی دەهێنێت."
بە وتەی عەلی حەمەساڵح کامێراکان بەپێی سیستەمێک جێگیر دەکرێن بەناوی پۆینت توو پۆینت و زۆر هەستیارە لە سزا وەرگرتن، واتە بە نموونە ئەگەر شەش کیلۆمەتر رێگە دانرابێت بە 5 خولەک ببڕیت ئەگەر شۆفێرێک رێگەکەی بە 4 خولەک و 55 چرکە ببڕێت ئەوا بڕی 70 هەزار سزا دەدرێت و بەپێی تیژڕەوی سزاکە زیاد دەکات.
عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "لە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی 545 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، ئەگەر بەپێی ئەو سیستەمە هەر ئۆتۆمبێلێک لە مانگێکدا یەک جار سزا بدرێت ئەوا داهاتی مانگانەی حکومەت 38 ملیار دەکات، واتە رۆژانە خەڵک سزا دەدرێت، داهاتەکەش ئەوەندە زۆرە بۆیە ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ حکومەت کردووە 403 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری بە حکومەت داوە کە هەموویان مۆدێلی 2021 و 2022 ن، ئەگەر داهاتەکەی زۆر نەبێت چۆن کۆمپانیا بێ بەرامبەر ئەو کارە دەکات."
عەلی حەمەساڵح هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "تەنیا لە سنووری سلێمانی 255 کامێرا جێگیردەکرێن و داهاتی مانگانەیان نزیکەی 38 ملیار دەبێت." روونیشیکردەوە، بەپێی گرێبەستە کۆمپانیاکە تاوەکو پارەی پڕۆژەکەی دەردەهێنێت و خەرجییەکانی بەدەستدەهێنێتەوە رێژەی 70%ی داهاتی کامێراکان بۆخۆی دەبێت و دواتر بۆ ماوەی 15 ساڵ رێژە 20%ی داهاتی کامێراکان وەردەگرێت.
باڵانبۆ محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی هەینی، 6-5-2022، لەو بارەیەوە ڕایگه‌یاند"ئێمە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوەمان کردووە و پێمانگوتووە نایاساییە و هیچ یاسایەک نییە لە هەرێمی کوردستان کامێراکانی هاتووچۆ رێکبخات یان باسیان بکات، بۆیە پڕۆژەکە تەنیا بۆ بارگرانکردنی خەڵکە و پارەیەکی زۆری لەو رێگەیەوە کۆدەکرێتەوە کە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا و حکومەتە و هیچ بڕگەیەکی یاسایی نییە رێگەی پێبدات."
باڵانبۆ محەممەد گوتیشی: "سیستەمی پۆینت توو پۆینت بۆ هەرێمی کوردستان و کامێرای چاودێریی هاتووچۆش شتێکی نوێیە و پێویستە سەرەتا حکومەت بیر لە چاککردنەوەی شەقامەکان بکاتەوە و جادەکان نۆژەنبکاتەوە و هێماکانی هاتووچۆ دابنێت و خوول بۆ ئەفسەران و پۆلیسی هاتووچۆ بکاتەوە و شتی دیکە هەن لە پێشترن، بۆیە ئەو پڕۆژەیەش سەرەتا لە سلێمانییەوە دەستپێدەکەن، چونکە سلێمانی بووەتە تاقیگە و هەموو شتە خراپەکانی لەسەر تاقیدەکرێتەوە."

زۆرترین خوێندراو