له‌ كه‌ركوك پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران به‌رده‌وامه‌

25.05.2022
جەماوەر نیوز
سایلۆكانی كەركوك لە رۆژی 22ی ئایاری 2022 دەستی بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران كردووه‌ و تائێستا زیاتر لەشەش هەزار تۆن گەنمی لەجوتیارانی وەرگرتوە.
شەرەف ئەحمەد، سەرۆكی ئەندازیاران لەسایلۆی كەركوك راگەیاند:پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای كەركوك لەڕێی سێ بنكەی سەرەكیەوە وەردەگیرێن كە ئەوانیش سایلۆكانی كەركوك و ریازو داقوقەو جوتیاران دەتوانن بەرهەمەكەیان رادەستی نزیكترین بنكەی وەرگرتن بكەن لەپارێزگای كەركوك. 
وتیشی: پرۆسەی وەرگرتنەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت و تا ئەمڕۆ زیاتر لەشەش هەزار تۆن گەنممان لەجوتیاران وەرگرتوە.
سەرۆكی ئەندازیاران لەسایلۆی كەركوك راشیگەیاند: ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی بەروبومی گەنم وەزارەتی بازرگانی عیراق رێنمایی پێویستی دەركردوەو بۆ هەر تۆنێك گەنم 850 هەزار دینار دەستنیشانكراوەو بڕیاری ئەوەش دراوە كەپارەی گەنمی جوتیاران دوانەكەوێت.
ئەوەشی خستەڕوو: وەك قۆناعی یەكەم لەئێستادا دەسەڵاتی خەرجكردنی 5 ملیار دینار خراوەتە بەردەم سایلۆی كەركوك و پارەی جوتیارانی پێ خەرجدەكەین.
ئاشكراشیكرد: پێشبینی دەكەین ئەمساڵیش رێژەیەكی هاوشێوەی ساڵی پار وەربگرین كە ساڵی پار سایلۆكانی كەركوك نزیكەی 200 هەزار تۆن گەنممان لەجوتیاران وەرگرتوە.
ئەو لێپرسراوەی سایلۆی كەركوك دەشڵێت: ئەو نرخەی ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاریكراوە نرخێكی باشە.
ساڵی رابردو  هەروەها ئەمساڵیش بەرهەمی گەنم لەپارێزگای كەركوك بەراورد بەساڵی 2020 بەڕێژەی 40٪ كەمیكردوە.

زۆرترین خوێندراو