ئێران مووشه‌کێکى هه‌ڵگرى مانگى ده‌ستکردى تاقیکرده‌وه‌

06.11.2022
جەماوەر نیوز

کۆمارى ئیسلامى ئێران مووشه‌کێکى نوێى تاقیکرده‌وه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناردنى مانگى ده‌ستکرد بۆ بۆشایى ئاسمان و تاقیکردنه‌وه‌که‌شى سه‌رکه‌وتوو بووه‌.

مووشه‌که‌که‌ ناوى قائیم 100 و ئاراسته‌ى بۆشایى ئاسمان کراوه‌ و تواناى هه‌یه‌ مانگێکى ده‌ستکرد به‌ کێشى 80 کیلۆگرام له‌ 500 کیلۆمه‌ترى خولگه‌ى زه‌ویدا جێگیر بکات.

لیوا ئه‌میر عه‌لى حاجى زاده‌ فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانى و مووشه‌کیى سوپاى پاسدارانى  کۆمارى ئیسلامى ئێران  هیواى خواست   به‌م زووانه‌ پاسداران موشه‌که‌که‌ به‌کاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ته‌لایتى نوێ به‌ ناوى ناهید بخاته‌ خولگه‌.

کۆمارى ئیسلامى ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ به‌رنامه‌ى مانگى ده‌ستکردى وڵاته‌که‌ی، هاوشێوه‌ى چالاکییه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی، به‌ ئامانجى لێکۆڵینه‌وه‌ى زانستى و به‌کارهێنانه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى دیکه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى ترى ڕۆژئاوا  به‌گومانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌  ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ، ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌ ده‌توانرێت هه‌مان ته‌کنه‌لۆژیا بۆ په‌ره‌پێدانى مووشه‌کى دوور مه‌ودا به‌کاربهێنرێت. 


زۆرترین خوێندراو