فەتوایەک لەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست دەدرێت

21.11.2022
جەماوەر نیوز
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست، فەتوایەکی دەرکرد و دەڵێت، "لە شەریعەتی ئیسلامدا گرێبەست و مامەڵەی سێ لایەنە دروست نییە" و کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست "دروست نییە."
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای فەتوادا هاتووە، "وه‌كو روونه‌، له‌ شه‌ریعه‌تی  ئیسلامدا گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌ی سێ‌ لایه‌نه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ی شه‌رعی دوو ته‌ره‌فه‌یه‌ (البائع + المشتری) یان (المقرص+ المقترچ): هه‌ندێك كۆمپانیا هه‌یه‌ كه ئۆتۆمبێل ده‌فرۆشن به‌ قیست، به‌ زیاتر له‌ نرخی كاش كڕیاره‌كه‌ ده‌نێرن بۆ بانك وه‌كو لایەنی سێیه‌م له‌ مامه‌ڵه‌كه‌دا و بانكیش ئۆتۆمبێلەکەی نه‌كڕیوه‌ و نه‌بووەته‌ موڵكی، ته‌نها پاره‌ی ئۆتۆمبێلەکە ده‌دات بۆ كڕیاری ئۆتۆمبێل، لێره‌دا به‌و شێوه‌یه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بانك پاره‌ی دابێت به ‌قه‌رز و دوایی بۆ خۆی به‌ زیاتر وه‌ریبگرێته‌وه‌ و هیچ كاڵایه‌كی له‌م نێوه‌نده‌دا نه‌فرۆشتووه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ لایەنی سێیه‌م كه‌ له‌ مامه‌ڵی شه‌رعیدا دروست نییه‌."
لەبارەی ده‌رچه‌ی فیقهی بۆ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "ئه‌گه‌ر بانك ئۆتۆمبێلەکەی كڕییه‌وه‌ له‌ كۆمپانیا و بووه‌ موڵكی خۆی و به ‌ته‌واوی وەریگرت و بووە ماڵی و (قبض)ی كرد (حقیقه‌) یان (حكما) ئه‌و كات دروستە بانك بیفرۆشێته‌وه‌ به‌ زیاتر و به‌ كاش یاخود به‌ قیست، چونكه‌ له‌و كاته‌دا كاڵای فرۆشتووه‌ نه‌ك پاره‌ی به ‌قه‌رز دابێت به‌ زیاده‌ و ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵەیه‌ له‌ فیقهی ئیسلامیدا پێی دهگ‌وترێت (المرابحة) و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروسته‌."
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر کەسێک ئۆتۆمبێل به‌ قیست بکڕێت، وەکو ئەنجوومەنی باڵای فەتوای سەر بە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "به‌ نموونه‌ به‌ (14,000$) و بۆ شه‌ش ساڵ و وا رێككه‌وتن كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ش ساڵدا كڕیار قه‌رزه‌كه‌ی دایه‌وه‌، ئه‌وا وه‌كو خۆی بەهاکەی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساڵێك زوتر ته‌واوی پاره‌كه‌ی دایه‌وه‌ به‌ بانك، ئه‌وا بانكه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ پاره‌كه‌ی خۆی خۆش ده‌بێت ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ش دروست نییه‌."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا هۆکارەکانیشی لەم سێ خاڵەدا روونکردووەتەوە:
1. (ئه‌گه‌ری) تیادایه‌ و گرێبه‌ستیش نابێت له‌سه‌ر ئه‌گه‌رو فه‌رزیات بونیات بنرێت.
2. ئه‌و بڕه‌ قیسته‌ی كه‌ بانكه‌كه‌ لێی خۆش ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر مودده‌یه‌كدایه‌ كه‌ پێشده‌خرێت ، كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌رزیش له‌ به‌رامبه‌ر مودده‌دا به‌شێكه‌ له‌سوو (ریبا) و حه‌رامه‌.
3. ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ دوو مامه‌ڵیه‌ له‌ یه‌ك مامه‌ڵه‌دا پێغه‌مبه‌ری ئازیزیش (درودی خوای لەسەر بێت) ڕێگری كردووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی دوو مامه‌ڵه‌ له‌ یه‌ك مامه‌لّه‌دا وه‌ك ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ -خودا لێی ڕازی بێت-  له‌ ئازیزمانه‌وه‌ رەزای خوای لێ بێت ڕیوایه‌ت ده‌كات: ((من باع بيعتين في بيعة، فله أوكسهما أو الربا)) رواه أبو داود: 3/274 برقم(3461).
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كه‌ به ‌مه‌رج دانه‌نرابوو ئه‌گه‌ر زووتر قه‌رزه‌كه‌ی دایه‌وه‌ به‌ فرۆشیار ئه‌وا بڕێكی لێخۆش ده‌بێت، به‌ڵكو دوای ته‌واوبوونی مامه‌ڵه‌كه‌ فرۆشیاره‌كه‌ گوتی: ئه‌گه‌ر زووتر قه‌رزه‌كه‌م پێبده‌یته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ت لێ خۆش ده‌بم، ئه‌وا به‌شێك له‌ زانایانی شه‌رع رێگه‌یان پێداوه‌ و ده‌كرێت له‌سه‌ر رای ئه‌وان له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا كاری پێبكرێت وه‌ك: ئیبن عه‌بباس و نه‌خه‌عی و ئیبن سیرین و زوفه‌ر و ئیبن عابدین - بڕوانه‌: الدر المختار" (5 / 160)."

زۆرترین خوێندراو